بڕیاره‌کانی دادگا له‌سه‌ر تاوانبارانی ئه‌نفال جۆراوجۆر بوون، هه‌ر له بڕیاری مه‌رگه‌وه تیایدایه‌تی بۆ زیندانیکردنی هه‌تا هه‌تایی و هه‌روه‌ها بێگوناه ناساندنی یه‌کێک له گومانباره‌کان. ئایا له ڕووی یاساییه‌وه، ئه‌مه کۆتایی هاتنی دادگایی کردنه‌کانی ئه‌نفاله یان نا؟
پارێزه‌ر ناسیح حه‌مه حسێن، پارێزه‌ری داکۆکیکه‌ر له که‌سوکار و قوربانی‌یه‌کانی ئه‌نفال، ده‌ڵێت ئه‌وه پرسیارێکه له لای که‌سوکاری ئه‌نفاله‌کان و جاده و شه‌قامی کوردی په‌یدا بووه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت هه‌ندێک که‌س له ده‌ره‌وه‌ی شه‌قامی کوردیش پرسیارییان کردووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ی کارییان له‌گه‌ڵ ڕژێمی پێشوودا کردووه و یان ده‌ستیان له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌بووه، دادگایی ده‌كرێن یان نا. به پێی به‌ڕێز حسێن دادگایی کردنه‌که کۆتایی پێ نه‌هاتووه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان کردووه له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌بێت ڕاپێچی دادگا بکرێن.
پارێزه‌ر حسێن له میانه‌ی گفتوگۆیه‌کی تایبه‌ت به به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ئه‌م تێبینیانه‌یدا. هه‌روه‌ها وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکی سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی دادگایی کردنه‌کانی دژ به کاربه‌ده‌ستانی ڕژێمی پێشووی عێراقی دایه‌وه و له‌وانه: سه‌رچاوه هه‌واڵی‌یه‌کان ده‌ڵێن دادگای باڵای تاوانه‌کان له عێراق داوای وه‌فیق ئه‌لسامه‌رائی‌یان کردووه که سه‌رۆکی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگیری له‌شکری ڕژێمی پێشووی عێراقی بووه و ڕاوێژکاری ئێستای سه‌رۆکی عێراقی‌یه بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاسایش. ئایا دادگا ده‌توانێت که‌سێکی وه‌ک سامه‌رائی بانگ بکات یان هه‌رچ که‌سێکی دیکه که ئێستا له‌وانه‌یه له نێو ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یان حکومه‌تی عێراقی‌دا کاربکات و پێشتر بۆ ڕژێمی پێشوو کاری کردبێت.
جێی باسه، زۆر له ڕێکخراوه ناحکومی‌یه‌کان و خه‌ڵکیش داوا ده‌که‌ن جێبه‌جێکردنی بڕیاری له سێداره‌دانی عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید له هه‌ڵه‌بجه به‌ڕێوه بچێت. له‌م باره‌یه‌وه، به‌رێز حسێن ده‌ڵێت له ڕووی یاساییه‌وه، ده‌شێت جێبه‌جێکردنی سزاکه له شوێنێکی دیکه بێت و نه‌ک له به‌غدا..