نه‌خۆشی شێرپه‌نجه كوشنده‌ترین جۆری شێرپه‌نجه‌یه له جیهان‌دا. ساڵانه ده‌بێته هۆی له ده‌ستدانی گیانی نزیكه‌ی 3 ملیۆن كه‌س. ئه‌م جۆری شێرپه‌نجه‌یه، تیماركردنی زۆر سه‌خته، به‌ڵام ئه‌و نیشانه كاریگه‌رانه‌ی هیوای چاك بوونه‌وه له‌م نه‌خۆشی‌یه ده‌به‌خش له خانه بۆماوه‌ییه‌كان یاخود جیناته‌كانی نه‌خۆشه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون.
كۆنی وێست نه‌خۆشێكی شێرپه‌نجه‌ی سی‌یه و له كاتی ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشی‌یه‌كه تیادا زۆر نیگه‌ران بوو و گوتی زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی شێرپه‌نجه‌ی سی ده‌بن هیوایه‌كی زۆر كه‌میان هه‌یه. ئه‌مه‌ش هه‌ستی ته‌نها یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه دووچاری ئه‌م نه‌خۆشی‌یه كوشنده‌یه ده‌بن.
توێژه‌ره‌وان ده‌ڵێن پێنج جۆری جیاوازی خانه‌ی بۆماوه‌ییان دۆزیوه‌ته‌وه كه له‌وانه‌یه ئه‌و زانیارییانه به پزیشكه‌كان بدات كه هیوای ڕزگاربوونی نه‌خۆشه‌كان له شێرپه‌نجه‌ی سی پتر بكات.
بوونی ئه‌م پێنج خانه‌یه له‌وانه‌یه یارمه‌تی بدات له هه‌ڵبژاردنی جۆری ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی كه نه‌خۆشێكی شێرپه‌نجه‌ی سی پێویستی‌یه‌تی.
توێژه‌ره‌وان و زانایان له پێشدا خانه‌ی تووشبووی به‌ستووییان له‌گه‌ڵ شێرپه‌نجه‌ی سی‌دا تاقیكردۆته‌وه و بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه‌وا ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كان له سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی شێرپه‌نجه‌كه‌دا، نه‌خۆشی‌یه‌كه‌یان تیادا بدۆزرێته‌وه و ئه‌و پێنج جۆره خانه بۆماوه‌ییه‌یان تیادا بێت كه له لایه‌ن زانایانه‌وه دیاری كراون ئه‌وا هیوای چاك بوونه‌وه‌یان زیاتر له سه‌دا 85 ده‌بێت له چوارساڵ پاش ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كان نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ ده‌كرێت.
ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش كه له مه‌ترسی‌یه‌كی زۆرتردان یاخود ئه‌و پێنج جۆره خانه بۆماوه‌ییه یاخود جیناتانه له له‌شیاندا نی‌یه ئه‌وا هیوای له ژیاندا مانیان چوار ساڵ پاش ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی بۆیان ده‌كرێت، كه‌مترێك له سه‌دا 40 ده‌بێت.
ئه‌م جۆره تاقیكردنه‌وه جیناتی‌یه‌ش ده‌ریده‌خات كه چ جۆره چاره‌سه‌رییه‌ك له هه‌مووی باشتر كار ده‌كات. له‌وانه‌یه پزیشكه‌كان هه‌وڵی به‌كارهێنانی ده‌رمانی زیاتر یاخود ڕێگای چاره‌سه‌ركردنی جیاواز بده‌ن له‌و نه‌خۆشانه‌ی كه ئه‌و جۆره جیناته تایبه‌تانه‌یان تیادا نی‌یه. له لایه‌كی دیكه‌ش، له‌وانه‌یه چاره‌سه‌ری كیمۆسیره‌پی له‌و نه‌خۆشانه‌دا به‌كار نه‌هێنرێت كه ئه‌و جۆره جیناتانه له له‌شیاندا هه‌یه و به‌م شێوه‌یه‌ش نه‌خۆشه‌كان ناچار نابن خۆیان دووچاری كاریگه‌ره خراپه‌كان و خه‌رجی‌یه زۆره‌كانی ئه‌و جۆره چاره‌سه‌رییه بكه‌ن.
زانایانیش ده‌ڵێن توێژینه‌وه‌ی زیاتر بۆ سه‌لماندنی ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه پێویسته، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وانه‌یه دۆزینه‌وه‌ی نیشانه‌كانی ڕزگاربوون له نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی سی له ڕێگه‌ی جینه‌كانی له‌شی مرۆڤه‌وه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌و ده‌رمانانه به‌كار بهێنرێن كه جینه تایبه‌ته‌كان نیشانه ده‌كه‌ن.
زانیارییه‌كانی ئه‌م ڕاپۆرته، كارۆڵ پیرسن ی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا له ژماره‌ی 4 ی مانگی یه‌كی ساڵی 2007 ی گۆماری New England Journal of Medicine نیو ئینگلاند جۆرناڵی پزیشكی‌یه‌وه وه‌رگرتووه.