چین ده‌ڵێت سه‌رۆكی كۆریای باشـور رۆ م‌و هیوون و سه‌رۆكی چینی هو جینتاو گه‌یشـتنه
ڕێـكه‌وتنێـك سه‌باره‌ت به چـۆنێتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كۆریای باكور له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت تاقیـكردنه‌وه‌ی ناوه‌كی ئه‌نجامداوه.
ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی چینی فه‌رمی (خینوا) هیچ زانیاری زیاتری له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی هه‌ینی نێوان ئه‌و دوو ڕێبه‌ره له به‌یژینگ ڕانهگایندووه. به‌ڵام كاربه‌ده‌سـتانی كۆریای باشور ده‌ڵێن هه‌ردوو سه‌رۆك به پـێویستی ده‌زانن كۆریای باكور سزا بدرێت به‌ڵام به ئاسـتێـكی گونجاو بێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه دره‌نگ كاتێـكی شه‌وی پـێنجشه‌ممه به‌رنووسی بڕیارێـك به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانـدا بڵاوكرایه‌وه كه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پـێشـنیاری كردووه، تیایدا باس له سه‌پاندنی گه‌مارۆی ئابوری و سزای په‌یوه‌ست به چه‌كسازی به‌سه‌ر كۆریای باكور ده‌كات، وه هه‌روه‌ها باس له قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی به‌رپـرسـانی ئه‌و وڵاته بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كیان ده‌كات، وه سنوورداركردنی مامه‌ڵه‌ی دارایی له‌گه‌ڵی.
وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له كۆتایی هه‌فته‌كه ده‌نگ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه بدرێت.
پـێشـتر چین و ڕوسیا داوایان له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كرد له ده‌نگدانی له‌سه‌ر بڕیاره‌كه په‌له نه‌كات، وه چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵه دیبلۆماسـیـیانه بێت كه له‌سه‌ر ئاسـتێـكی باڵا ئه‌نجام ده‌درێت.
ڕوسـیا ده‌ڵێت ئه‌لێـكسانده‌ر ئهلێـكسـاێڤی نێردراوی وڵاته‌كه‌ی بۆ گفتوگۆكانی شه‌ش لایه‌نه‌كه له‌سه‌ر به‌رنامه ناوه‌كیـیه‌كه‌ی كۆریای باكور بۆ وتووێژكردن سه‌باره‌ت به دوا پـێشـهاته ناوه‌كیـیه‌كان گه‌یشـتۆته بیۆنگیانگ.
هه‌روه‌ها نێردراوێـكی پایه به‌رزی چینی (ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حكومه‌ت تانـگ جیاخووان) بۆ وتووێـژكردن سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌كه به‌ره‌و مۆسـكۆ به‌ڕی ده‌كه‌وێت.
هه‌ر ڕۆژی هه‌ینی كابینه‌ی حكومه‌تی ژاپـۆنیش ژماره‌یه‌ك سزایان به‌سه‌ر كۆریای باكوردا په‌سه‌ند كرد كه له‌وه زیاتره وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا داوای ده‌كات.