سه‌رۆکی گروپی چه‌کداری لوبنانی حیزب الله به‌ڵێنی داوه به ده‌ستپێکردنی شه‌ڕێکی کراوه له دژی ئیسرائیل پاش ئه‌وه‌ی له هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر ماڵه‌که‌یی و باره‌گای ڕێکخراوه‌که‌ی له به‌یروت ڕزگاری بوو.
حه‌سه‌ن نه‌سرالله له میانه‌ی ووتارێکی ڕۆژی هه‌ینی‌دا گوتی ئیسرائیل هه‌ست به وه‌ڵامدانه‌وه‌کانی حیزب الله له هه‌موو ئاستێک‌دا ده‌کات و به تایبه‌تی له شاری حه‌یفا له باکوری ئیسرائیل و ناوچه‌کانی دیکه‌ش‌دا.
نه‌سرالله ستایشی ئه‌و هێرشه‌شی کرد که کراوه‌ته سه‌ر که‌شتیه‌کی هێزی ده‌ریایی ئیسرائیلی له‌سه‌ر که‌ناری لوبنانی. ووته‌بێژێکی ئیسرائیلیش گوتی که‌شتیه‌که زیانێکی که‌می پێگه‌یشتووه هه‌رچه‌ندێکه ته‌له‌فزیۆنی ئه‌لجه‌زیره گوتویه‌تی له‌شکری ئیسرائیلی به شوێن چوار که‌سی دیار نه‌ماودا ده‌گه‌ڕێت که له‌سه‌ر ئه‌و که‌شتیه جه‌نگیه‌دا بوون.
له واشنتۆنیش، ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا شان مه‌ککۆرمه‌ک داوای له ووڵاتیانی ئه‌مریکی کردووه ئاسایشی خۆیان بپارێزن و هه‌ر به هه‌ستکردن به تێکچوونی ڕه‌وشه‌که و به پێی توانا بیر له به‌جێهێشتنی لوبنان بکه‌نه‌وه.
سه‌رۆک وه‌زیری ئیسرائیلیش ئێهود ئۆڵمه‌رت به‌ڵێنی داوه به به‌رده‌وام بوون له هێرشه‌کانیان هه‌تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی چه‌کداره‌کانی حیزب الله بێ چه‌ک ده‌کرێن و هه‌ر دوو سه‌ربازه ئیسرائیلیه ده‌ستگیرکراوه‌که ئازاد ده‌کرێن.
کاربه‌ده‌ستانی لوبنانیش ده‌ڵێن زیاتر له 60 که‌س له میانه‌ی بۆردومانه‌کانی هێزی ئیسرائیلی‌دا کوژراون. ئیسرائیلیش ده‌ڵێت هه‌شت سه‌ربازی ئیسرائیلی و چوار ئیسرائیلی سیڤیڵ له میانه‌ی هێرشه موشه‌کیه‌کانی حیزب الله له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه گیانیان له ده‌ستداوه.