سه‌رۆک بوش ڕۆژی دووشه‌ممه به سه‌رانسه‌ری وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا ده‌گه‌ڕێت تاوه‌کو پشتگیری بۆ ڕێبازه‌کانی ووزه ده‌ست بکه‌وێت. سه‌رۆک ده‌ڵێت ئه‌م ڕێبازانه یارمه‌تی ئه‌مریکا ده‌دات چیتر پشت به نه‌وتی هێنراو له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات نه‌به‌ستێت.
یه‌کێک له وه‌ستانه‌کان ویلایه‌تی وسکانسن بوو، سه‌رۆک بوش بابه‌تی ووزه‌ی به مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاسایش نیشتمانی و ئابوری ناوبرد. هه‌روه‌ها داوای له ئه‌مریکیه‌کان کرد ڕێگای پاکتر بۆ به‌رهه‌مهێنانی ووزه به‌کار بهێنن و ده‌ست به دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌زگای ووزه‌ی ناوه‌کی بکه‌ن.
به‌ڕێز بوش هه‌وڵه‌کانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ی له توێژینه‌وه‌کانی ووزه‌ی خۆر و با ڕوون کرده‌وه و باسی له چۆنێتی به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و هه‌وڵانه کرد تاوه‌کو بتوانن به شێوه‌یه‌کی ئاسانتر گازی سروشتیان ده‌ست بکه‌وێت.
دیموکراته‌کان ڕه‌خنه‌یان له‌م به‌رنامانه‌ی ووزه‌ی سه‌رۆک بوش گرت و ده‌ڵێن یارمه‌تی کڕیاران نادات به تایبه‌تی له نزمکردنه‌وه‌ی نرخی ووزه‌دا.