وەزیری ناوخۆی نەمسا کاڕڵ نیهامەر بەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەنجامدەری هێرشەکەی ڤییەنا کە سێ کەسی کوشت و دواتر پۆلیس کوشتی " لایەنگری " ڕێکخراوی داعش بووە.
کاڕڵ نیهامەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " کەسێکی توندڕەوە و هەستی بە نزیکی کردووە لە ڕێکخراوی داعشەوە." ئەمە لەکاتێکدا بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس ژمارەی کوژراوەکان بەهۆی هێرشەکەوە بەرزبۆتەوە بۆ سێ کەس، دوو پیاو و ئافرەتێک.
ئەوەشی ڕوون کردەوە پۆلیس دەرگای شوقەکەیان تەقاندۆتەوە و چوونەتە ژوورەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەسەر هێرشبەرەکە نەدا.
نیهامەر ئاماژەشی بەوەدا لانی کەم گومانلێکراوێکی دیکە هێشتا دەستگیر نەکراوە، وتی پۆلیس هەوڵ دەدەن ژمارەی گومانلێکراوەکان دیاریبکەن چونکە " تەقەکان لە شوێنی جیا جیاوە دەکران."
سەرچاوە/ فرانس پرێس