Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا کار لەسەر ڕێکەوتنێک دەکات لەگەڵ تونس و لیبیادا سەبارەت بە کۆچ


کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆ یەلڤا یۆهانسن
کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆ یەلڤا یۆهانسن

کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆ یەلڤا یۆنهانسن وتی یەکێتی ئەوروپا کار لەسەر ڕێکەوتنێک دەکات لەگەڵ تونسدا و هەوڵ دەدات یارمەتی دارایی ئەو وڵاتە بدات و لەبەرامبەریشدا تونس هەوڵی زیاتر بدات بۆ ڕێگەگرتن لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ ئەوروپا.

یۆهانسن بە ڕۆژنامەی " لا ڕیپۆبلیکای " ئیتاڵی وت لە ئێستادا دانوستان لەگەڵ لیبیاشدا دەکرێت بۆ گەیشتن بە هەمان ڕێکەوتن.

جێی ئاماژەیە ئیتاڵیا داوای یارمەتی لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە کەناراوەکانی و زۆربەیان لە تونس و لیبیاوە دێن.

یۆهانسن وتی بڕۆکسل کار لەسەر ڕێکخستنی " کۆمەڵێک یارمەتی خۆبەخشانە دەکات " تاوەکو دەگەنە ڕێکەوتنێک لەسەر کێشەی کۆچبەران. وتیشی " کار لەسەر ئەوەش دەکەین ڕێگە بە کۆچبەران نەدەین ئەم خاڵانە جێبهێڵن."

یۆهانسن بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا لوچیانا لامورگێزیدا لە تونس کۆدەبێتەوە " بەمەبەستی ڕێکەوتنێک کە تیایدا یارمەتی تونس دەدرێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەو قەیرانە داراییەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێیکەوتووە، هەروەها دابینکردنی سەرجەم ئەو ئامڕازانەی کە پێویستیەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە."

وتیشی " یارمەتیەکانی ئەوروپا لەڕووی دارایی و وەبەرهێنان و دەستخستنی هەلی کارەوە دەبێت، لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی تونس دەبێت سنوورەکانیان توندتر بکەنەوە و ئەو هاوڵاتیانەیان بگێڕنەوە کە بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتوون و هەروەها ئەو بیانیانەی ناو وڵاتەکەش بگەڕێننەوە کە پەنابەر نین."

ئاماژەشی بەوەدا یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ حکومەتی لیبیاشدا سەبارەت بە ڕێکەوتنێکی نوێی کۆچ گفتوگۆ دەکات، وتی " پێم وانیە پێویست بێت تاوەکو هەڵبژاردنەکانی مانگی دوانزە چاوەڕێ بکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG