Accessibility links

ڕێکخراوی مانگی سوری تونس: لانی کەم 23 کۆچبەر لە کەناراوەکانی تونس خنکاون


ڕێکخراوی مانگی سوری تونس دەڵێت لانی کەم 23 کۆچبەری ئەفریقی لە کەناراوەکانی تونس خنکاون لەکاتێکدا هەوڵیانداوە بە دەریای ناوەنددا لە لیبیاوە بگەنە ئیتاڵیا، ئاماژەشی بەوەدا 70 کۆچبەرییان ڕزگارکراون.

لەم هەفتانەی ڕابردوودا و لە کۆمەڵێک ڕووداوی هاوشێوەدا لە کەناراوەکانی تونس زیاتر لە 120 کۆچبەر خنکاون، هۆکاری زیادبوونی گەشتی کۆچبەرانیش لە تونس و لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا دەگەڕێتەوە بۆ باشبوونی کەش و هەوا.

بەرپرسێکی ڕێکخراوی مانگی سوری تونس مەنجی سەلیم بە ڕۆیتەرزی وت " هێزی دەریایی تونس 70 کۆچبەری ڕزگارکردووە لەکاتێکدا 23 کۆچبەری دیکە کە لە بەلەمێکدا بوون خنکاون، بەلەمەکە زیاتر لە 90 کۆچبەری هەڵگرتووە."

کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت لەم ساڵدا نزیکەی 23,500 کەس بە دەریادا پەڕیونەتەوە بۆ ئەوروپا، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش لە تونس و جەزائیرەوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و دواتر بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ڕۆشتوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG