Accessibility links

تایوان دەڵێت کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگی چینی دووبارە هاتوونەتەوە ناو ئاسمانی تایوان


ڕۆژی یەکشەممە تایوان ڕایگەیاند ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگی چینی هاتوونەتە ناوچەی ئاسمانی بەرگری تایوانەوە، وەزارەتی بەرگری تایوان وتی فڕۆکە جەنگیەکانی دورگەکە 39 فڕۆکەی جەنگی چینیان ئاگادارکردۆتەوە و دوورییان خستوونەتەوە.

تایوان کە چین بانگەشەی ئەوە دەکات بەشێکە لە خاکەکەی، زیاتر لە ساڵێکە نیگەرانی دەردەبڕێت سەبارەت بە ئەرکەکانی هێزی ئاسمانی چین لەنزیک دورگەکەوە، زۆرکات لە بەشی باشووری ڕۆژئاوای ناوچەی ئاسمانی بەرگری تایوان، لەنزیک دوورگەکانی پراتاس کە لەژێر دەسەڵاتی تایواندایە.

تایوان دەڵێت ئەرکە دووبارەوەبووەکانی هێزی ئاسمانی چین ئامانج لێیان بێزارکردنی هێزەکانی تایوانە و هەروەها دەشیانەوێت وەڵامدانەوەی تایوان تاقی بکەنەوە.

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی دوایین ئەرکەکەی هێزی ئاسمانی چین بەسەر ئاسمانی تایواندا لەڕێی 34 فڕۆکەی جەنگی و چوار فڕۆکەی ئەلیکترۆنی جەنگی و تۆپهاوێژێکیەوە ئەنجامدراوە.

وتیشی فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی پراتاسدا فڕیون. ئاماژەشی بەوەدا تایوان فڕۆکەی شەڕکەری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە تاوەکو فڕۆکە چینیەکان ئاگادار بکاتەوە و دوورییان بخاتەوە، هاوکات سیستمی دژە موشەکیش ڕەوانەی ناوچەکە کراوە تاوەکو چاودێری فڕۆکەکان بکات.

تاوەکو ئێستا چین لێدوانی لەسەر بابەتەکە نەداوە، کە پێشتر وتوویەتی ئامانج لەم جۆرە مەشقانە پاراستنی سەروەری خاکی وڵاتەکەیە.

چین فشارە سیاسیی و سەربازییەکانی سەر تایوانی زیادکردووە تاوەکو فەرمانڕەوایی چین بەسەر دورگەکەدا پەسەند بکات. حکومەتی دیموکراتخوازی تایوانیش دەڵێت ئاشتی دەوێت بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتەسەری ئەوا بەرگری لە خۆی دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG