Accessibility links

بەرپرسێکی ئاسایشی سۆماڵ: لە هێرشێکی بزوتنەوەی ئەلشەبابدا لانی کەم 30 کەس کوژران


بەرپرسێکی ئاسایشی سۆماڵ وتی لە هێرشێکی بزوتنەوەی توندڕەوی ئیسلامی ئەلشەبابدا لە شارۆچکەی گالمودوگی نیمچە سەربەخۆ نزیکەی 30 کەس کوژراون.

ئەفسەرێکی سوپای سۆماڵ لە گالمودوگ محەمەد ئەوالی وتی چەکدارانی ئەلشەباب لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە بەلدە ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراوییان بەکارهێناوە، دوابەدوای ئەو هێرشەش شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکومەت و چەکدارەکاندا ڕوویداوە.

وتیشی " بە دوو ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردۆتەسەر بنکەکە، دوابەدوای ئەوە شەڕ و پێکدادانێکی توند ڕوویدا کە ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند."

وتی " دوو ئوتومبێلە بۆمبڕێژکراوەکە دوو ئوتومبێلی سەربازییان تێکشکاند، دانیشتوانی ناوچەکە چەکییان پێبووە و بنکە سەربازییەکەیان پاراستووە و چەکدارانی ئەلشەبابیان دەرکردووە."

ئەوالی ئەوەشی خستەڕوو 30 کەس لە شەڕەکەدا کوژراون، 17 سەرباز و 13 هاوڵاتی مەدەنی.

بزوتنەوەی ئەلشەباب کە هاوپەیمانی ڕێکخراوی قاعیدەیە، ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدات حکومەتی ناوەند بڕووخێنێت و دەسەڵات لە وڵاتەکەدا بگرێتە دەست.

چەکدارانی بزوتنەوەکە بەردەوام بە چەک و بۆمب هێرش دەکەنە سەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەکان، لەو شوێنانەشدا کە هاتوچۆ تیایاندا قەرەباڵغە و ئوتێل و بنکە سەربازییەکانی لێیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG