Accessibility links

ڕوسیا هەندێک لە دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا دەردەکات


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ

ڕوسیا دەڵێت فەرمانیکردووە ئەو کارمەندانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کە زیاتر لە سێ ساڵە لە مۆسکۆن تاوەکو 31 ی مانگی یەک وڵاتەکە جێبهێڵن.

ئەمەش نوێترین هەنگاوە لە زیادبوونی گرژییە دیبلۆماتیەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکادا، هەفتەی ڕابردوو باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەمەریکا وتی دیبلۆماتکارانی ڕوسی و خێزانەکانیان لە ئەمەریکا دەردەکرێن و لە 30 ی مانگی یەکدا وڵاتەکە جێدەهێڵن.

واشنتن وتی دیبلۆماتکارەکان دەرنەکراون بەڵام زیاتر لەو سێ ساڵەی کە داندراوە لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ماریا زاخارۆڤا وتی " دەمانەوێت بە شێوازێکی هاوشێوە وەڵام بدەینەوە. ئەو کارمەندانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کە زیاتر لە سێ ساڵە لە مۆسکۆن دەبێت تاوەکو 31 ی مانگی یەک وڵاتەکە جێبهێڵن."

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی وتی زاخارۆڤا وتوویەتی یاسا نوێیەکانی ئەمەریکا مانای ئەوە بووە ئەو دیبلۆماتکارە ڕوسییانەی کە ناچارکران ئەمەریکا جێبهێڵن، جارێکی دیکە ڕێگەیان پێنادرێتەوە وەکو دیبلۆماتکار بۆ سێ ساڵی دیکە لە ئەمەریکا کاربکەنەوە.

وتی " بەر لە 1ی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو، ئەگەر هاتوو ئەمەریکا یاسای ئەو سێ ساڵە لانەبات و سازدان نەکات، ژمارەیەکی زیاتری کارمەندانی ئەمەریکا ڕوسیا جێدەهێڵن و هاوتا دەکرێنەوە لەگەڵ ژمارەی ئەو ڕوسیانەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە."

بەپێی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ساڵێک لەمەوبەر ئەمەریکا ڕوسیای ئاگادار کردەوە لەوەی دیبلۆماتکارەکانی لە ئەمەریکا دەتوانن تەنها بۆ سێ ساڵ لە وڵاتەکە بمێننەوە، بەڵام دەکرێت دیبلۆماتکاری دیکە بێنە شوێنیان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG