وەزیری بەرگری ڕوسیا فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی مەشقیان لەسەر هێرشی چەکی ناوەکیی کردووە بۆ سەر ڕوسیا، ئەوەش لە دوو ئاڕاستەی جیاوازەوە لەم مانگەدا، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمەریکا تەنها 20 کم لە سنوورەکانی ڕوسیاوە دوور بوون.
ئەم تۆمەتبارکردنە لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا لەسەر ئۆکرانیا زیادیکردووە، بەرپرسانی واشنتن دەڵێن نیگەرانن سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕوسیا بۆ سەر سنوورەکانی باشووری ئۆکرانیا، مۆسکۆش ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت دوورە لە ڕاستیەوە.
لەلای خۆیەوە مۆسکۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەرکی نابەرپرسانە و وروژێنەر ئەنجام دەدەن، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ پشتیوانیە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و مەشقە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەنزیک سنوورەکانیەوە، هەروەها ڕەخنەی توندی لە ئۆکرانیا گرتووە لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی دژی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.
وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شوەیگۆ وتی مۆسکۆ تێبینی زیادبوونێکی بەرچاوی چالاکییەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمەریکای کردووە، وتی لەم مانگەدا ئەو فڕۆکانە 300 گەشتیان لەنزیک سنوورەکانی ڕوسیاوە ئەنجامداوە، ئەوەش دوو هێندە و نیو زیاترە لە چالاکییەکانی هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا.
شوەیگۆ وتی ئەو مەشقانە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەنجامدران ڕاهێنانێک بوون لەسەر چۆنێتی هێرشکردنە سەر ڕوسیا بە چەکی ناوەکی.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا وتی " وەزیری بەرگری تیشکی خستۆتەسەر ئەوەی کە لە ماوەی مەشقە سەربازییەکانی ئەمەریکادا 10 فڕۆکەی بۆمبهاوێژ لە ئاڕاستەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە مەشقیان لەسەر هێرشکردنە سەر ڕوسیا کردووە لەڕێی بەکارهێنانی چەکی ناوەکییەوە."
شوەیگۆ وتی هێزی بەرگری ئاسمانی ڕوسیا فڕۆکە جەنگیە بۆمبهاوێژەکانی ئەمەریکایان بینیوە و ڕێوشوێنی پێویستیان گرتۆتەبەر، بەڵام ئاماژەی بەو ڕێوشوێنانە نەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز