Accessibility links

پوتن: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە میانەی کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتیدا لە سەینت پیتەرسبێرگ ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " خۆبەزلزانینی کۆڵۆنیاڵیزم " و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ڕووسیا لەڕێی سزاکانەوە.


پوتن گوتی " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت " و جەختی لە سەروەری و پتەوی ڕووسیا کردەوە کاتێک ڕووبەڕووی " دوژمنکارییەکانی ڕۆژئاوا " دەبێتەوە.

پوتن وتی " ڕۆژئاوا ڕەتی کردۆتەوە بەرپرسیارێتییەکانی پێشووتری جێبەجێ بکات، دەرکەوت کە مەحاڵە بگەین بە هەر ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ڕۆژئاوادا. لەم بارودۆخەی ئێستادا، دژی زیادبوونی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی کە لەسەرمان دروست بوون، بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت بە ناچاری بوو، سەخت بوو بەڵام بێگومان بە ناچاری بوو و هەروەها پێویستیش بوو."

پوتن گوتی ئەمەریکا دەیەوێت " ئاڕاستەی مێژوو " بگۆڕێت و ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی بڵاوکردنەوەی هەستی دژ بە ڕووسیا دەدات و هەوڵ دەدات " ناوچەکانی ئۆکرانیا تەرخان بکات بۆ چالاکییە سەربازییەکان."

وتارەکەی پوتن لە کاتێکدا بوو هێرشەکانی ڕووسیا لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوام بوون. ڕۆژی هەینی سوپای ئۆکرانیا وتی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارکانی سلۆڤیانسک و سیێڤیێرۆدۆنێتسک بەردەوام بوون.

ڕووسیا و هێزەکانی جیاخوازەکان کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات نیوەی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکیان لە ژێر دەستدایە، کە پێکەوە هەرێمی دۆنباس پێکدەهێنن. شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک و گوندەکانی دەوروبەری دەکەونە دوایین بەشی لوهانسکەوە کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادا ماون.

XS
SM
MD
LG