سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤیێستکی سەبارەت بە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس، بێلاڕوسی بە تۆمەتی تیرۆر تۆمەتبار کرد.
مۆرۆڤیێستکی لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چارڵز میشێلدا ئەم لێدوانەیدا، میشێل بەمەبەستی دەرخستنی پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا بۆ پۆڵەندا سەردانی وارشۆی کردووە.
پۆڵەندا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بەکارهێنانی کۆچبەران وەکو چەکێک، ئەمەش لەڕێی بانگهێشتکردنیان بۆ بێلاڕوس و دواتر ڕەوانەکردنیان بۆ سنووری پۆڵەندا، هەندێک کات بە زۆر. ئەو کۆچبەرانەش خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانن.
چەند جارێک پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پۆڵەندا و کۆچبەراندا ڕوویداوە، ئەوەش لەکاتێکدا کۆچبەران هەوڵیانداوە بە زۆر سنووری پۆڵەندا ببەزێنن. بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایشی پۆڵەندا دەڵێن پێدەچێت نزیکەی 12,000 کۆچبەر لەنزیک سنووری پۆڵەندا خێمەیان هەڵدابێت.
لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا، مۆرۆڤیێستکی وتی باوەڕی وایە ڕووداوەکانی سەر سنوور " تۆڵەیەکی بێدەنگی " لوکاشینکۆ بێت، چونکە پۆڵەندا شان بە شانی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، پشتیوانییان لە سەپاندنی سزاکان کردووە بەسەر بێلاڕوسدا، سەپاندنی سزاکانیش بەهۆی پێشێلکردنی مافەکان مرۆڤەوە بووە لەلایەن بێلاڕوسەوە.
دوابەدوای سەرکەوتنی لوکاشینکۆ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی بێلاڕوس کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دەڵێن ساختەکاری تێداکراوە، خۆپیشاندانی گەورە وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بێلاڕوس بەڕێوەچوون، بەرپرسانی بێلاڕوسیش هەڵمەتێکی سەرکوتکارییان دژی خۆپیشاندەران و چالاکەوان و ڕۆژنامەنووسان دەستپێکرد و زۆرینەی کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکەوانەکانیان دەستگیرکرد.
لە هەمان کۆنفراسدا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵز میشێل ڕەفتارەکانی بێلاڕوسی سەبارەت بە ڕەوشی سەر سنوورەکە بە " توندوتیژ و دڕندەیی و هێرشێکی ناڕەوا " ناودێرکرد. وتیشی تاوتوێی وەڵامێکی توند دەکاتەوە، ئەوەش بەزووترین کات لەڕێی سزاکانەوە دەبێت.
وتی یەکێتی ئەوروپا بیر لە قەدەغەکردنی کۆمپانیای گەشتی ئاسمانی بێلاڕوس دەکاتەوە کە هەندێک لە کۆچبەرانی هێناوەتە وڵاتەکەوە، هەروەها سەپاندنی سزای ئابووری دیکە بەسەر ئەو وڵاتەدا کە پێشتر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەوروپادا باسی لێوە کراوە.
هاوکات لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ، وەزیری دەرەوەی بێلاڕوس ڤلادیمێر ماکی تۆمەتەکانی دژی وڵاتەکەی ڕەت کردەوە و وتی هیچ بنەمایەکیان نیە.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤیش بەرپرسیارێتی ڕەوشەکەی خستە ئەستۆی یەکێتی ئەوروپا و داوایکرد هەردوولا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوانیان ئەنجام بدەن.
جێی ئاماژەیە ڕوسیا نزیکترین هاوپەیمانی بێلاڕوسە لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا