Accessibility links

بەهۆی لافاوەوە لە فیلیپین 51 کەس گیانیان لە دەستداوە


بەرپرسانی فیلیپین دەڵێن بەهۆی لافاوەوە 51 کەس گیانیان لە دەستداوە و 19 کەسی دیکە بێسەروشوێنن، هەزاران کەسیش لە پەناگەکاندا ماونەتەوە.

ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کارەساتی نیشتیمانی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان دەڵێت هەرێمی مینداناوی باکوور زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، 25 کەس لەو هەرێمەدا گیانیان لە دەستداوە. زۆربەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی خنکان و هەرەس هێنانی زەوییەوە بووە، لە نێو بێسەروشوێنەکانیشدا ڕاوچییەکانی ماسی تێدا بووە کە بەلەمەکانیان بەهۆی لافاوەکەوە نقوومبوون.

لافاوەکەی فیلیپین لە زۆربەی ناوچەکاندا کەم بۆتەوە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 8600 کەس لە پەناگەکاندا ماونەتەوە.

دەزگای بەڕێوبەردنی کارەساتەکان وتی زیاتر لە 45,000 خانوو زیانییان بەرکەوتووە، هاوکات ڕێگا و پردەکانیش زیانییان بەرکەوتووە، لە هەندێک ناوچەشدا لافاوەکە کارەبای نەهێشتووە.

بەرپرسانی فیلیپین دەڵێن حکومەت خۆراک و پێویستییە سەرەکییەکانی دیکەی بۆ زیان لێکەوتووان ڕەوانە کردووە، هەروەها ئامێری گەورەشی ناردووە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان. تیمێکیش لە مانیلای پایتەختەوە ڕەوانە کراون بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکانەی کە ئاوی پاکییان کەمە و سیستمی فیلتەرکردنی ئاوییان بۆ دادەنێن.

لانیکەم 22 شار و شارۆچکە لە وڵاتەکەدا باری نائاسایی کارەساتییان ڕاگەیاندووە. ئەم هەنگاوەش ڕێگە دەدات بە ناردنی یارمەتییە بەپەلەکان و هەوڵەکانی چاککردنەوەی ناوچەکانیان خێراتر دەکات.

دەزگای کەش و هەوای فیلیپین وتی هەفتەی ڕابردوو بارانێکی زۆر لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتەکە باریوە و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوەکە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG