Accessibility links

فەڵەستینیەکان ئامادەی ئەو کۆنگرە ئابوورییە نابن کە ئەمەریکا سازی دەکات


سەرۆک وەزیری فەڵەستین محەمەد شەتیە

وەزیرێکی فەڵەستینی وتی بەرپرسانی فەڵەستینی ئامادەی ئەو کۆنگرە ئابوورییە نابن کە ئەمەریکا لە مانگی داهاتوو لە بەحرەین سازی دەکات و بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ دەڵێت قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتی ئەمەریکایە لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکاندا.

ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند کۆنگرەیەکی ئابووری لە بەحرەین ساز دەکات بەمەبەستی هاندانی وڵاتان تاوەکو وەبەرهێنان لە ناو خاکی فەڵەستیندا بکەن بە کەرتی غەزەشەوە.

لەو کاتەوەی کە لە کۆتایی ساڵی 2017 دا ئەمەریکا ئۆرشەلیمی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند، فەڵەستینیەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپدا بڕیوە و هیچ گرنگییەکیان نەداوە بەو پلانەی کە ئەمەریکا ئامادەی کردووە بۆ ئاشتی لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکاندا، فەڵەستین دەڵێت پێشبینی ئەوە دەکەن ئەو پلانە زیاتر سوود بە ئیسڕائیل بگەیەنێت و داواکارییە سەرەکییەکانی فەڵەستین دابین ناکات.

سەرۆک وەزیری فەڵەستین محەمەد شەتیە وتی هیچ وتوێژێک لەگەڵ حکومەتەکەیدا نەکراوە سەبارەت بە سازدانی ئەو کۆنگرەیە کە لە 25 و 26 ی مانگی داهاتوودا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین ساز دەکرێت.

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فەڵەستین، وەزیری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئەندامی لیژنەی جێبەجێکاری ڕێکخراوی تەحریری فەڵەستین ئەحمەد مەجدەلانی بە ڕۆیتەرزی وت " فەڵەستین ئامادەی ئەو کۆنگرە ئابوورییە نابێت کە لە مەنامە بەڕێوەدەچێت."

وتیشی " هەر فەڵەستینیەک بەشداری بکات لەو کۆنگرەیەدا ئەوا بەدڵنیاییەوە کار بۆ ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەکات."

بەرپرسانی ئەمەریکا پێشبینی ئەوە دەکەن نوێنەران و بەرپرسانی کەرتی کار لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ژمارەیەک لە وەزیرانی دارایی وڵاتانی جیهان بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG