Accessibility links

ڕابەری فەلەستینییەکان پەیوەندی و هەماهەنگییە ئاسایشییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەڵدەوەشێنێتەوە


ئۆفیسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، عەباس پەیوەندی و هەماهەنگییە ئاسایشییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەڵوەشاندۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشێکی گەورەیان کردە سەر گروپە چەکدارییەکانی شاری جنینی کەناری ڕۆژئاوا.

بڕیارەکە دوای ئەوە هات عەباس لەگەڵ ڕابەرانی دەسەڵاتی فەلەستینییەکاندا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.

لە ماوەی توندوتیژییەکانی ڕابردوودا، مەحمود عەباس چەندین جار هەماهەنگییەکانی بە شێوەیەکی کاتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەڵوەشاندۆتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا هێزەکانی ئیسڕائیل لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشییان کردە سەر شاری جنینی کەناری ڕۆژئاوا، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ئەم هێرشەی ئیسڕائیل یەکێک بووە لە گەورەترین هێرشەکانی دژی چەکدارە فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا.

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و لیوای جنین بەردەوام بوون، لیواکە پێکهاتووە لەو گروپە چەکدارییانەی کە بنکەکەیان لە کامپی پەنابەرانی شارەکەدایە.

شۆفێری ئوتومبێلێکی فریاکەوتنی خێرای فەلەستینییەکان بە ناوی خالید ئەلئەحمەدەوە وتی " ئەوەی لە کامپەکەی پەنابەران ڕوودەدات جەنگێکی ڕاستەقینەیە. هێرشی ئاسمانی هەبوون کامپەکەیان کردە ئامانج، هەر کاتێک بچووینایەتە ناوەوە نزیکەی پێنج بۆ حەوت ئوتومبێلی فریاکەوتنی خێرا بە بریندارەوە دەهاتنە دەرەوە."

وەزارەتی تەندروستی فەلەستینییەکان وتی لانیکەم هەشت کەس کوژراون و زیاتر لە 50 کەسی دیکە لە جنین بریندار بوون.

سوپای ئیسڕائیل وتی بینایەکییان کردووەتە ئامانج کە ناوەندی سەرکردایەتی چەکدارانی لیوای جنین بووە، هێرشەکە لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە. وتیشی ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی هەوڵێکی بەرفراوانی دژە تیرۆردا بووە و ئامانج لێی لە ناوبردنی ژێرخانی چەکدارەکان بووە تاوەکو نەتوانن کامپی پەنابەران وەکو بنکەیەک بەکاربهێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG