Accessibility links

سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان ڕەخنە لە " دووڕوویی " ڕۆژئاوا دەگرێت لەسەر ئۆکرانیا و فەڵەستینییەکان


سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس ڕەخنەی لە " دووڕوویی " ڕۆژئاوا گرت و وتی سزای ڕووسیا دەدەن لەسەر داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا و هاوکات " تاوانەکانی " ئیسڕائیل دژ بە فەڵەستینییەکان پشتگوێ دەخەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن سەردانی ڕامەڵای کرد و لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان مەحمود عەباسدا کۆبۆوە. دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شوێنی مانەوەی عەباس لە ڕامەڵا، مەحمود عەباس نائومێدی خۆی سەبارەت بە ڕۆژئاوا دەربڕی.

عەباس بە بلینکنی وت " ڕووداوەکانی ئێستا لە ئەوروپا دووڕووییەکی ئاشکرای دەرخستووە."

وتی " سەرەڕای تاوانەکانی داگیرکارییەکەی ئیسڕائیل کە پاکتاوی ڕەگەزی و جیاکارییان ئەنجامداوە، هیچ کەسێکمان نەبینی ئیسڕائیل بە بەرپرس دابنێت لەسەر ئەوەی وەکو وڵاتێکی سەروو یاسا ڕەفتار دەکات."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە سەرەتا لەگەڵ مەحمود عەباسدا کۆبۆوە و دواتر لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئیسڕائیل و چوار وڵاتی عەرەبیدا کۆدەبێتەوە.

بلینکن بە عەباسی وت ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا ڕاست بکاتەوە دوای ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا تێکچوون.

جێی ئاماژەیە تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان بە ڕابەرایەتی مەحمود عەباس سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕووسیای نەکردووە بۆ سەر ئۆکرانیا.

بلینکن لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا باسی لە قەیرانەکانی ئۆکرانیا نەکرد، هەروەها باسی لە بابەتەکانی دیکەی وەکو دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا نەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بۆ فەڵەستینییەکان، کە ترامپ دایخست و ئیسڕائیلییەکانیش نایانەوێت دووبارە کونسوڵخانەکە بکرێتەوە.

بەڵام بلینکن بەڵێنیدا یارمەتییەکان بۆ فەڵەستینییەکان بهێڵێتەوە، ئاماژەی بە بەردەوامبوونی یارمەتییە داراییەکانی ئەمەریکادا بۆ فەڵەستینییەکان و ئەو 500 ملیۆن دۆلارەی کە ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی فەڵەستینییەکان لەڕووی مرۆییەوە دابینیکرد.

بلینکن وتی " ئەمەریکا پابەندە بە دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان و گەلی فەڵەستیندا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG