Accessibility links

پاکستان بەڵێن دەدات بەردەوام بێت لە پەرژینکردنی سنووری وڵاتەکە و ئەفغانستان


پاکستان دەڵێت لەڕێی کەناڵە دیبلۆماتیەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبانی ئەفغانستاندا لە پەیوەندییدایە تاوەکو " لەیەک تێنەگەیشتنەکان " سەبارەت بە دانانی پەرژینێکی ئاسایش لە سنووری نێوان دوو وڵاتەکە چارەسەر بکات.

وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قوڕێشی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیسلامئاباد وتی وڵاتەکەی سوورە لەسەر پاراستنی " بەرژەوەندییەکانی " و بەردەوام بوون لە پەرژینکردنی سنوورە 2,600 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ ئەفغانستاندا.

قوڕێشی وەڵامی هەوڵەکانی ئەمدواییانەی هێزەکانی تاڵیبانی دایەوە لەسەر سنوورەکە کە ئامانج لەو هەوڵانەیان ئەوە بوو ڕێگە نەدەن پاکستان پەرژینەکە دابنێت. لەمدواییانەشدا هێزەکانی تاڵیبان بەشێکی پەرژینەکەیان لێکردەوە.

قوڕێشی وتی " ئێمە بێدەنگ نین. پەرژینەکەمان داناوە و بە ویستی خودا ئەم هەوڵە بەردەوام دەبێت. ئەفغانستان دراوسێیەکی هاوڕێمانە، لە پەیوەندییداین لەگەڵیاندا، هەندێک لەیەک تێنەگەیشتن هەبوون، دەتوانین لەڕێی کەناڵە دیبلۆماتیەکانەوە چارەسەرییان بکەین."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تاڵیبانی ئەفغانستان ڕەخنەی لە پڕۆژەی پەرژینەکە گرت و وتی " پاکستان مافی ئەوەی نیە وایەری کارەبایی بەدرێژایی هێڵی دوراند دابنێت و هۆزەکانی هەردوولای هێڵەکە لەیەک جیا بکاتەوە."

حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەفغانستان هەمیشە دژایەتی جیاکردنەوەی سنوورەکە بوون کە لەلایەن بەڕیتانیەکانەوە لە ساڵی 1893 دا جیاکراوەتەوە. سنوورەکە دەرەنجامی ڕێکەوتنێک بوو لەنێوان سکرتێری حکومەتی بەڕیتانی هیندستان سێر مۆرتیمێر دوراند و فەرمانڕەوای ئەو کاتەی ئەفغانستان عەبدور ڕەحمان خان.

پاکستان ناڕەزایەتیەکانی ئەفغانیەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت دوابەدوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە بەڕیتانیا لە ساڵی 1947 دا، سنوورە نێودەوڵەتیەکەی بۆ ماوەتەوە. بەڵام پێگەی سنوورەکە هەمیشە خاڵی ناکۆکی بووە لە پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستاندا.

پڕۆژە گەورەکەی پەرژینکردنی سنوورەکە لە ساڵی 2017 دا دەستیپێکرد، ئەوەش لە هەوڵێکی پاکستاندا بۆ ڕێگەگرتن لە جووڵە نایاساییەکانی گروپە چەکدارییەکان و قاچاغچییەکان. بەرپرسانی پاکستان دەڵێن زیاتر لە لە سەدا 90 ی کارەکان تەواو بوون.

هەندێک کات پڕۆژەی پەرژینکردنی سنوورەکە دەبووە هۆی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پاکستان و هێزەکانی ئاسایشی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستاندا کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG