Accessibility links

پاکستان ڕەخنە لە تاڵیبان دەگرێت بەهۆی کۆتوبەندەکانیەوە بۆ سەر ئافرەتانی ئەفغانی


وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان فەواد حوسەین ڕەخنەی لە تاڵیبانی ئەفغانستان گرت لەسەر سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر ئافرەتانی وڵاتەکەدا، سەرکۆنەی کۆتوبەندەکانی کرد و بە " بیرکردنەوەیەکی شێواو و هەڕەشە بۆ سەر پاکستان " ناودێری کرد.

فەواد حوسەین حکومەتە نوێیەکەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان بە " ڕژێمێکی توندڕەو " ناودێرکرد.

وتی " دەمانەوێت بەتەواوەتی یارمەتی گەلی ئەفغانستان بدەین، بەڵام بڵێیت ئافرەتان ناتوانن بە تەنها گەشت بکەن یاخود بە تەنها بچن بۆ خوێندنگا و زانکۆکان، ئەم جۆرە بیرکردنەوە شێواوە هەڕەشەیە بۆ سەر پاکستان."

جێی ئاماژەیە زۆر دەگمەنە بەرپرسێکی حکومەتی پاکستان بە ئاشکرا ڕەخنە لە تاڵیبان بگرێت، کە لە ئێستادا تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی بەدەستە و گوایە سوپای پاکستان یارمەتیداون لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستاندا، پاکستانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

ئەم لێدوانەی حوسەین ڕۆژێک دوای ئەوە هات وەزارەتی تاڵیبان بۆ بەرزڕاگرتنی چاکەکاری و ڕەتکردنەوەی خراپەکاری کۆتوبەندی نوێی بەسەر ئافرەتاندا سەپاند، لەوانەش ڕێگە نەدان بە گەشتکردنی ئافرەتان بە تەنها و گەشتکردنیان بۆ 72 کیلۆمەتر زیاتر دەبێت لەلایەن خزمێکی پیاوی نزیکیانەوە هاوەڵی بکرێن. هەروەها داوای لە شۆفێری تاکسییەکانیش کرد تەنها ئەو ئافرەتانە بگوازنەوە کە حیجابیان بەسەرەوەیە.

وتەبێژی وەزارەتەکەی تاڵیبان سەدیق ئەکیف مەهاجیر بەرگری لە بڕیارەکە کرد و بە دەنگی ئەمەریکای وت کۆتوبەندەکان بەپێی یاسای ئیسلامی یاخود شەریعە داندراون.

ئەم کۆتوبەندانەی تاڵیبان چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت بەرپرسانی تاڵیبان داوایان لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن کرد چیتر ئەو زنجیرە درامایانە پەخش نەکەن کە ئەکتەری کچیان تێدایە و هەروەها داواش لە پێشکەشکارە کچەکان بکرێت لە کاتی کارکردنیاندا حیجاب بکەن.

جێی ئاماژەیە تاڵیبان بە هێز ئەفغانستانی گرتەوە، وڵاتانی جیهانیش ڕەتی دەکەنەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ تاڵیباندا ببەستن، ئەوەش بەهۆی نیگەرانیەکانیانەوە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و تیرۆر، تەنانەت لەکاتێکیشدا کە قەیرانە مرۆییەکان لە ئەفغانستان زیادییان کردووە و ئەفغانستان پێویستی بە یارمەتیە نێودەوڵەتیەکانە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 23 ملیۆن ئەفغانی ڕووبەڕووی برسێتی و وشکەساڵی و هەژارییەکی توند بوونەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو پاکستان میوانداری کۆبوونەوەیەکی وڵاتانی ئیسلامی کرد و نوێنەرانی ئەمەریکا و ڕوسیا و ئەوروپا ئامادەی بوون، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش زیادکردنی یارمەتیە مرۆییەکان بوو بۆ ئەفغانییەکان.

دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، پاکستان خۆراک و دەرمانی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

پاکستان لەوە دەترسێت خراپتربوونی ڕەوشی مرۆیی و ئابووری ئەفغانستان ببێتە هۆی لێشاوی پەنابەرانی ئەفغانی بۆ وڵاتەکە و وڵاتانی دیکەی ئەفغانستان.

ڕابەرانی پاکستان چەند جارێک داوایان لە سەرکردەکانی تاڵیبان کردووە گوێبگرن و تاوتوێی نیگەرانیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن سەبارەت بە مافی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێکهێنانی حکومەتێکی کراوە.

بەڵام تاڵیبان ڕەخنەکانی سەر شێوازی حکومڕانی و سیاسەتەکانی خۆی ڕەت دەکاتەوە و وەکو دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەفغانستان ناودێرییان دەکات، دەڵێت لە چوارچێوەی شەریعەدا وڵاتەکە بەڕێودەبەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG