Accessibility links

لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڕێوشوێنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هۆڵەندا دەیان کەس دەستگیردەکرێن


ڕۆتەردام، هۆڵەندا
ڕۆتەردام، هۆڵەندا

بەهۆی خۆپیشاندانە توندەکانەوە دژی ڕێوشوێنەکانی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هۆڵەندا، پێنج ئەفسەری پۆلیس برینداربوون و 40 کەس دەستگیرکران، ئەمەش بۆ دووەمین ڕۆژە پشێوییەکان بەردەوامن.

بەرپرسانی هۆڵەندا ئاو و سەگ و پۆلیسیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرە گەنجەکان بەکارهێنا کە ئاگرییان کردبۆوە و یارییە ئاگرینیەکانیان هەڵدەدا، ئەمەش لە خراپترین پشێویدا لە دوای ئەوەی لە مانگی یەکدا بەهۆی ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە زیاتر لە 500 کەس لە هۆڵەندا دەستگیرکران.

نوێترین خۆپیشاندانەکان شەوی هەینی لە ڕۆتەردام بەڕێوەچوون، لەو شەوەدا پۆلیس تەقەی لە گردبوونەوەیەک کرد کە دواتر زیادیکرد بۆ سەدان کەس، سەرۆکی شارەوانی شارەکە وتی خۆپیشاندانەکان بوونەتە " توندڕەوییەکی بە کۆمەڵ."

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو سێ کەسەی کە باوەڕ وایە بەهۆی فیشەکەکانی پۆلیسەوە برینداربووبێتن ڕۆژی یەکشەممە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

خۆپیشاندانەکان بەهۆی پلانەکانی حکومەتی هۆڵەنداوە سەریهەڵدا کە کۆتوبەندی خستۆتەسەر بەکارهێنانی کارتی نیشتیمانی کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی کە ڤایرۆسەکەیان گرتووە و چاکبوونەتەوە، یاخود ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا هۆڵەندا هەندێک ڕێوشوێنی قەدەغەکردنی هاتوچۆی بەسەر 17.5 ملیۆن دانیشتووەکەیدا سەپاند، ئەمەش بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا هێشتا لە بەرزترین ئاستیدایە.

گەنجانی وڵاتەکە بە بڕیاری قەدەغەکردنی یارییە ئاگرینەکانیش لە سەری ساڵدا توڕەبوون، ئەم بڕیارەش کە دراوە بەهۆی ئەوەوەیە کە بەرپرسانی هۆڵەندا نایانەوێت فشاری زیاتر بچێتە سەر نەخۆشخانەکان کە لە ئێستادا بەهۆی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە فشارێکی زۆرییان لەسەرە.

پۆلیس وتی شەوی شەممە لە مەترسیدارترین ڕووبەڕووبوونەوەدا لە هاگ، پێنج ئەفسەری پۆلیس برینداربوون، یەکێکیان بە سەختی برینداربووە، 19 کەس دەستگیرکراون، یەکێک لەوانەی دەستگیرکراوە بەردێکی کێشاوە بە جامی ئوتومبێلێکی فریاکەوتندا کە لەو کاتەدا ئوتومبێلەکە لە ڕۆیشتندا بووە.

پۆلیس وتی لە دوو شارۆچکەی دیکە لە باشووری هەرێمی لیمبورک 13 کەسی دیکە دەستگیرکراون، هەواڵی کەوتنەوەی پشێوی لە باکووری هەرێمی فلیڤۆلاندیش هەبووە. هەشت کەسی دیکەش لە شارۆچکەی ئورک دەستگیرکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG