Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوا لە ژاپۆن دەکات پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ میانمار ڕابگرێت


میانمار
میانمار

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوای لە ژاپۆن کرد پڕۆگرامی توێژینەوە سەربازییەکەی لە دەرەوە ڕابگرێت، کە تیایدا خوێندکارانی سەربازیی میانمار مەشقی سەربازیی وەردەگرن.

لەدوای کودەتا سەربازییەکەی مانگی دووی میانمارەوە، ژاپۆن یارمەتیەکانی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرتووە و داوای لە سوپای میانمار کردووە توندوتیژییەکان ڕابگرێت، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ داوای ڕێوشوێنی توندترییان لە ژاپۆن کردووە دژی میانمار، لەوانەش سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا.

بەرپرسان و شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن ژاپۆن هەوڵیداوە هاوسەنگییەک ڕابگرێت لە پشتیوانیەکانی بۆ دیموکراسی لە میانمار و هەوڵەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتەکانی چین لەو وڵاتەدا.

ژاپۆن و میانمار پڕۆگرامێکی ئەکادیمییان لەنێواندا هەیە، بەپێی پڕۆگرامەکە 8 خوێندکاری سەربازیی سوپای میانمار لە ئەکادیمیای بەرگری نیشتیمانی ژاپۆن دەخوێنن.

لە مانگی سێدا جێگری وەزیری بەرگری ژاپۆن بە ڕۆیتەرزی وت هەر هەوڵێک بۆ نەهێشتنی هاوبەشییەکان لەگەڵ سوپای میانماردا دەبێتە هۆی ئەوەی چین لەو وڵاتەدا سەربکەوێت.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەوە شتێکی زۆر بێزارکەرە کە ژاپۆن مەشقی سەربازیی دەدات بە خوێندکارانی سەربازیی میانمار، لەکاتێکدا هێزە چەکدارەکانی میانمار تاوان دژی خەڵکی میانمار ئەنجام دەدەن."

بەپێی ماڵپەڕی پڕۆگرامەکە، پڕۆگرامەکە هەمان ئەو وانانە دەداتە خوێندکارانی سەربازیی بیانی کە دەدرێنە خوێندکارانی سەربازیی ژاپۆن.

وەزارەتی بەرگری ژاپۆن کە بەڕێوبەرایەتی ئەکادیمیای بەرگری نیشتیمانی دەکات، هیچ لێدوانێکی لەسەر بەیاننامەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ نەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG