Accessibility links

دەستگیرکردنی یەکێک لە دیارترین یاریدەدەرەکانی ڕابەری میانمار


بەرپرسانی میانمار یەکێک لە دیارترین یاریدەدەرەکانی ڕابەری وڵاتەکە ئۆنگ سان سوچیان دەستگیرکرد کە کودەتای سەربازی بەسەردا کرا، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە جەنەڕاڵەکان کرد " دەستبەرداری دەسەڵات " بن.

چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی سوپا دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەدەست، هێشتا دەستگیرکردنەکان لە میانمار بەردەوامن.

وتەبێژی حیزبی " ڕابیتەی دیموکراسیەت لەپێناو دیموکراسیەت " کی توی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی " هین هتینی تەمەن 79 ساڵ لە ماڵی کچەکەی لە ڕانگۆن دەستگیرکراوە."

هتین ئەندامێکی کۆنی حیزبی " ڕابیتەی دیموکراسیەت لەپێناو دیموکراسیەت " ە و بۆ ماوەیەک درێژ لە پاڵ سوچیدا کاریکردووە، ڕۆژی چوارشەممەش بە ڕادیۆی فەڕەنسای نێودەوڵەتی وت " پێشبینی ئەوە دەکەم دەستگیر بکرێم، بەڵام نیگەران نیم. ئێمە ڕاهاتووین بە کۆششکردنی ئاشتیانە."

بەپێی ڕێکخراوی یارمەتیدانی زیندانیە سیاسییەکان کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و بنکەکەیان لە ڕانگۆنە، لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو پێنجشەممە 133 بەرپرسی سیاسیی دەستگیرکراون کە پەرلەمانتارانیشیان تێدایە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەشی بەوەدا زیاتر لە 10 چالاکەوانیش دەستگیرکراون.

ڕووداوەکانی میانمار هێشتا لەسەر خشتەی کارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدان. بایدن داوای لە جەنەڕاڵەکان کرد " دەستبەرداری دەسەڵات " بن، لەکاتێکدا بەڕێوبەرایەتیەکەی تاوتوێی سەپاندنی " سزای دیاریکراو " دەکات بەسەر هەندێک لە ئەفسەرەکانی سوپای میانماردا.

لەلای خۆشیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشی بڵاوکردەوە و تیایدا " نیگەرانی " سەبارەت بە ڕەوشی میانمار دەربڕی و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی کرد، بەڵام سەرکۆنەی کودەتاکەی نەکرد.

بەپێی کۆمەڵێک دیبلۆماتکار کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕوسیا و چین دژایەتی ئەوەیان کردووە سەرکۆنەی کودەتاکە بکرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG