Accessibility links

حکومەتی سەربازیی مالی: ڕوسیا ڕاهێنەر دەنێرێت نەک بەکرێگیراو


حکومەتی سەربازیی مالی ڕەتی کردەوە بەکرێگیراوانی ڕوسی لە گروپی واگنەرەوە بەکرێ گرتبێت, گروپەکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپێندراوە.

هەفتەی ڕابردوو فەڕەنسا و 15 وڵاتی ڕۆژئاوا سەرکۆنەی ئەوەیان کرد کە وەکو خۆیان دەڵێن ڕوسیا چەکدارانی واگنەری ڕەوانەی مالی کردووە. حکومەتی مالی دەڵێت تەنها پەیوەندیی لەگەڵ ڕاهێنەرە فەڕمییەکانی سوپای ڕوسیادا هەبووە.

حکومەتی مالی لەم مانگەدا " هەواڵە ناڕاستەکانی " ڕەت کردەوە کە گوایە بەکرێگیراوانی کۆمپانیایەکی ئاسایشی ڕوسی بە ناوی واگنەرەوە بەکرێ گرتووە تاوەکو یارمەتیان بدەن لە شەڕیاندا دژی ئیسلامییە توندڕەوەکان.

وڵاتانی ڕۆژئاوا و نەتەوە یەکگرتووەکان گروپی واگنەرییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کۆماری ناوەڕاستی ئەفریقا و لیبیادا.

ئەم وەڵامەی مالی دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو وڵاتانی ڕۆژئاوا گروپی واگنەرییان تۆمەتبارکرد، حکومەتی سەربازیی مالی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و داوای بەڵگەی سەربەخۆی کرد بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە.

ڕۆژێک پێشتر فەڕەنسا و 15 وڵاتی دیکەی ڕۆژئاوا وتیان بەکرێگیراوانی واگنەر ڕەوانەی مالی کراون، هەروەها سەرکۆنەی ئەو جوڵەیەیان کرد.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا ئاماژەیان بەوەدا " زۆر بەداخەوەن بۆ ئەوەی بەرپرسانی مالی پارەی وڵاتەکە دەدەن بە بەکرێگیراوانی بیانی لەجیاتی ئەوەی بەو پارەیە پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکانی خۆیان و گەلی مالی بکەن."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوا لە حکومەتی ڕوسیاش کراوە بەرپرسانەتر مامەڵە بکات، هەروەها تۆمەتبارییان کردووە بە تۆمەتی ئەوەی پشتیوانی ماددی لەڕەوانەکردنی بەکرێگیراوانی گروپی واگنەر دەکات. مۆسکۆش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

حکومەتی مالی دانی بەوەداناوە کە " ڕاهێنەرە ڕوسییەکان " لە وڵاتەکەدان. دەڵێت ئەوان لەوێن تاوەکو یارمەتی سوپای مالی بدەن لە پتەوکردنی تواناکانی هێزەکانی ئاسایش و بەرگری وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG