سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ پێویستی بەوەیە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بێلاڕوس ڕێکبخات، وتیشی ئێستا سوپای بێلاڕوس زیاتر خراونەتەپاڵ هێزە چەکدارەکانی ڕوسیاوە.
ناوسیدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لیندا وتی نیگەرانە سەبارەت بەوەی " سوپای بێلاڕوس بەتەواوەتی خراوەتەپاڵ پێکهاتەی سەربازیی ڕوسیاوە."
وتی " ئەمە کێشەی نوێ ڕووبەڕووی ناتۆ دەکاتەوە، ناتۆ دەبێت بەپێی ئەوە پلان و ستراتیژی و تاکتیکی ڕێکبخات، بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ وەڵامدانەوە."
ناوسیدا وتیشی بێلاڕوس بەردەوام دەبێت لە تاقیکردنەوەی یەکڕیزی ڕۆژئاوا، ئەوەش دوای ئەوەی هەزاران کۆچبەر گەیشتنە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی یەکێتی ئەوروپا. ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن لانی کەم 13 کۆچبەر لەسەر سنووری پۆڵەندا دوای پەڕینەوەیان لە بێلاڕوسەوە گیانیان لەدەستداوە.
یەکێتی ئەوروپا دەڵێت قەیرانەکە دەستکردی ڕابەری بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆیە، دەڵێت مینسک تۆڵەی خۆی دەکاتەوە لە سزاکانی یەکێتیەکە بۆ سەر وڵاتەکە، سزاکانی یەکێتیەکەش بەهۆی هەڵمەتە سەرکوتکارییەکەی حکومەتەکەی لوکاشینکۆوە بووە بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاکەوان و کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە.
ناوسیدا وتی " نابێت هیچ گومانێکمان هەبێت لەوەی ڕژێمەکەی لوکاشینکۆ و ئەو هێزانەی پشتیوانی لێدەکەن بەردەوام دەبن لە تاقیکردنەوەی یەکڕیزی جیهانی ڕۆژئاوا و تواناکانیان بۆ وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان."
لەلای خۆیەوە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی لیتوانیا " بەشێوەیەکی جێگیر و مرۆییانە " ڕووبەڕووی قەیرانەکە بۆتەوە و یەکێتی ئەوروپا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی، ئەوەش لەڕێی پێدانی بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ بە لیتوانیا و لاتیڤیا و پۆڵەندا، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئەو وڵاتانە بتوانن بەردەوام بن لە پاراستنی سنوورەکان لەم ساڵ و ساڵی داهاتووشدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز