Accessibility links

ڕکابەرە سیاسییەکانی لوبنان داواکەی سەرۆکی وڵاتەکە بۆ گفتوگۆکردن ڕەت دەکەنەوە


سەرۆکی لوبنان میشێل عەون
سەرۆکی لوبنان میشێل عەون

ڕکابەرە سیاسییەکانی سەرۆکی لوبنان میشێل عەون داواکەی ڕەت دەکەنەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی لەسەر خراپبوونی قەیرانی ئابووری و کێشەکانی دیکەی وڵاتەکە، هەست دەکەن سەرۆکی وڵاتەکە هەوڵ بدات گفتوگۆکان بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی و حیزبوڵا.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی زیاتری نرخی دراوی ئەو وڵاتە، بەشێوەیەک لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بۆ لە سەدا 15 نرخەکەی دابەزیوە، ئەمەش کێشە و ئازاری خەڵکی لوبنانی قوڵتر کردۆتەوە.

میشێل عەونی سەرۆکی لوبنان دەڵێت ستراتیژی بەرگری نیشتیمانی دەکرێت بەشێک بێت لە گفتوگۆکان.

چاودێری سیاسیی لوبنانی مایکڵ یەنگ لە ڕۆژنامەیەکی دوبەیدا نوسیویەتی " ستراتیژی بەرگری زرنگانەوەیەکی تایبەتی بۆ حیزبوڵا هەیە، ئەمە زاراوەیەکی دیکەیە بۆ دۆزینەوەی شێوازێک بۆ یەکخستنی جبەخانەی چەکەکانی حیزبوڵا لەگەڵ جبەخانەی چەکەکانی وڵاتەکەدا."

جێی ئاماژەیە لە دوای جەنگی ناوخۆی لوبنانەوە کە لە ساڵی 1975 ەوە دەستیپێکرد و لە ساڵی 1990 دا کۆتایی هات، حیزبوڵا تاکە گروپی چەکدارییە لە وڵاتەکە کە هێشتا چەکی بەدەستە و چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت نەکردووە، زۆرێک لە لوبنانیەکانیش داوایان لە حیزبوڵا کردووە چەک فڕێبدەن.

ڕکابەرە سیاسییەکانی عەون گومانیان لەوە هەیە عەون هەوڵ بدات گفتوگۆکان وەکو هۆکارێک بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی حیزبوڵا ڕازی بکات دوای کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتیەکەی زڕ کوڕەکەی خۆی جیبران باسیل شوێنی بگرێتەوە.

تاوەکو ئێستا سەرۆک وەزیری پێشووی لوبنان سەعد حەریری و ڕابەری دروز وەلید جومبلات و ڕکابەرە مەسیحیەکەی عەون سەمیر گیاگیا داواکەی عەونیان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ ڕەت کردۆتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG