Accessibility links

فەرمانڕەوای کەنتاکی: 64 کەس بەهۆی زریانەکەوە گیانیان لەدەستداوە و پێدەچێت ئەو ژمارەی زیاد بکات


فەرمانڕەوای ویلایەتی کەنتاکی ئەمەریکا وتی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی زریانە بەهێزەکەوە لە 64 کەسدا وەستاوە و پێدەچێت ئەو ژمارەیە زیاد بکات.

فەرمانڕەوای ویلایەتی کەنتاکی ئاندی بیشەیر لە فرانکفۆرتی پایتەختی ویلایەتەک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەزانم، وەکو خەڵکەکەی ڕۆژئاوای کەنتاکی، منیش ئەمڕۆ باش نیم."

وتی بەرپرسانی ویلایەتەکە وەڵامی زریانە بەهێزەکانیان داوەتەوە کە خراپترین کارەساتی سروشتیە لەمێژوودا ڕووبەڕووی ویلایەتەکە بۆتەوە، چوار زریان لە ویلایەتەکەی داوە، یەکێکیان بەخێرایی 321 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ویلایەتەکەیدا و هەرچی لەبەردەمیدا بوو وێرانی کرد. بیشەیر وتی هەزاران خانوو زیانیان بەرکەوتووە، ئەگەر نەڕووخابن.

فەرمانڕەوای ویلایەتەکە وتی تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 64 گیان لەدەستدان بەهۆی زریانەکانەوە هەبووە، هێشتا 18 کەس لە قوربانیەکان نەناسراونەتەوە. لانی کەم 105 کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن. لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە کارمەندانی کارگەی مۆمەکەی شاری مەیفیڵدیان تێدایە.

بیشەیر وتی نازانێت بەدیاریکراوی قەبارەی ئەو زیانەی بەر ویلایەتەکە کەوتووە چەندە، بەڵام بە خەمڵاندنی خۆی وتی زیانی ملیۆنان دۆلاری بەرکەوتووە.

وابڕیارە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ویلایەتەکە بکات و لەوێ لەلایەن بەرپرسانی ویلایەتەکەوە زانیارییەکانی سەبارەت بە زیانەکان پێدەدرێت و دواتر سەردانی ئەو ناوچانە دەکات کە زریانەکە گرتوونیەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG