Accessibility links

سەرۆکی کازاخستان بەڵێن دەدات " بەتوندی " وەڵام بداتەوە لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت زیاتر دەبن


سەرۆکی کازاخستان قاسم گۆمارت تۆکایڤ دەڵێت بە نیازە " بە توندترین شێوە " وەڵام بداتەوە لەکاتێکدا لە کۆمەڵێک لە شارە سەرەکییەکانی وڵاتەکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایشدا ڕوویدا، هەروەها خۆپیشاندانەکانیش تا دێت زیاتر دەبن.

تۆکایڤ لە وتارێکدا دوای ئەوەی هاوڵاتیە توڕەکانی کازاخستان لە کۆمەڵێک شاری وڵاتەکە هەڵیانکوتایە سەر بینا حکومییەکان وتی " وەکو سەرۆک، ئەرکی خۆمە پارێزراوی و ئاشتی دانیشتوانمان بپارێزم، نیگەرانی سەروەری کازاخستان بم."

دەزگای هەواڵی سپۆتنیکی ڕوسیا لە زاری وەزارەتی ناوخۆی کازاخستانەوە بڵاویکردەوە ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممە لە کۆمەڵێک ناوچەی وڵاتەکە پۆلیس و هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی کوژراون.

بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە هەشت ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژراون و 317 کەسی دیکەیان برینداربوون. سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزی وت خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی ئاڵماتیدا گرتووە، سەرجەم گەشتەکان هەڵوەشێندراونەتەوە.

هۆکاری خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیانی کازاخستان بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانی سوتەمەنی و گەندەڵی و بێکاری و کەمی موچەیە.

لە ئاڵماتی کە گەورەترین شاری کازاخستانە، سەدان کەس لە خۆپیشاندەران بە دار و قەڵغانەوە هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی سەرۆکی شارەوانی شارەکە، هاوکات هێزەکانی ئاسایش گازی فرمێسک ڕژێن و بۆمبی دەنگی و فیشەکی لاستیکیان بەکاردەهێنا بۆ ڕاگرتنی خۆپیشاندەران، هەروەها هەواڵی ئەوە هەیە ئاگر لە بینایەک بەربووە.

خۆپیشاندەران کە پۆلیسی ئاڵماتی بە " توندڕەو " ناودێری کردوون، بەپێی هەندێک لە ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان هەوڵیانداوە بچنە شوێنی دانیشتنی سەرۆکی وڵاتەکەوە لە شارەکەدا، لەکاتێکدا دوکەڵ لە باڵەخانەی حیزبی نور ئۆتانی فەرمانڕەوا بەرزبۆتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی کازاخستان دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی وڵاتەکەی پەسەند کرد و باری نائاسایی لە چەند بەشێکی وڵاتەکەدا ڕاگەیاند، لەوانەش شاری ئاڵماتی و نور سوڵتانی پایتەخت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا ، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG