Accessibility links

ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەکەی تانکەرەکە لە جۆهانسبێرگ گەیشتە 15 کەس


بەرپرسان دەڵێن ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەی تانکەرەکەی جۆهانسبێرگ گەیشتۆتە 15 کەس، وتیشییان شۆفێرەکەیان دەستگیر کردووە و بە تاوانی کوشتن تۆمەتبار کراوە.

تەقینەوەکە کە سەقفی بینای بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی تامبۆ میمۆڕیاڵی لێکردەوە و دوو خانوو و چەند ئوتومبێلێکی لە ناوبرد و دوو پیادەشی بریندار کرد، لە کاتێکدا بوو کە ئوتومبێلەکە لە ژێر پردێکی نزمدا گڕی گرتووە.

وەزیری تەندروستی ئەفریکای باشوور جۆو پهالا وتی " سەبارەت بە قوربانییەکان، ئەم ژمارەیە ئێستا بەرزبۆتەوە بۆ 15 کەس، سێ کارمەندی نەخۆشخانەکەشییان تێدایە."

وتیشی ژمارەی قوربانییەکان ڕەنگە زیاتر ببێت بەهۆی سروشتی برینی بریندارەکانەوە.

وتی " پێمان وتراوە ئەوانەی کە ڕزگارییان بووە، زۆربەیان بە سەختی سوتاون، لەبەر ئەوە هێشتا ماومانە."

وتەبێژێکی دەزگای پۆلیسی ئەفریکای باشوور لە هەرێمی گاوتینگ کە جۆهانسبێرگیش دەگرێتەوە، وتی پۆلیس شۆفێرەکەی لە نەخۆشخانە دۆزیوەتەوە و دەستگیری کردووە.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی " گومانلێکراوە بە چەند تاوانێکی کوشتن و پشتگوێ خستن کە بووەتە هۆی تەقینەوەکە و گیان لە دەستدانی خەڵکەکە تۆمەتبار کراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG