Accessibility links

ئیسڕائیل هەزاران کۆچبەری ئیسیوپیا وەردەگرێت


حکومەتی ئیسڕائیل وەرگرتنی 3000 کۆچبەری لە ئیسیوپیاوە پەسەند کرد، ئەمەش دوای ئەوەی خزم و کەسوکاری کۆچبەرانی ئیسیوپیا لە ئیسڕائیل داوایان لە حکومەت کرد ئەو کۆچبەرانە لەو وڵاتە ڕزگاربکات کە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە بارودۆخی مرۆیی تیایدا خراپ بووە.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت وتی حکومەتی وڵاتەکە ڕێگەیداوە 3000 کۆچبەری ئیسیوپی کە خزمی پلە یەکیان لە ئیسڕائیل هەیە بەزووترین کات وەربگرێت.

وتیشی خزمی پلە یەک بە مانای ئەوەی " ئەو کۆچبەرانەی دایک و باوک یاخود منداڵ یاخود خوشک و برایان لە ئیسڕائیل " هەیە.

ئاماژەشی بەوەدا " ئەو کەسانەشی کە دایک باوکیان هاتوون بۆ ئیسڕائیل و لێرە مردوون، ڕێگەیان پێدەدرێت بێنە ئیسڕائیلەوە." ئەوانەی کۆچکردن دەیانگرێتەوە دەتوانن هاوسەر و منداڵەکانیان بهێنن لەگەڵ خۆیاندا.

وەزیری کۆچی ئیسڕائیل پنینا تامانۆ شاتا کە یەکەمین ئافرەتی بە ڕەگەز ئیسیوپیە و جووە و هەڵبژێردراوە بۆ پەرلەمانی ئیسڕائیل، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد.

وتی " ئەمە بڕیارێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگەی ئیسیوپی لە ئیسڕائیل و خێزانەکانیان. لە کۆتاییدا دایک و باوکان، منداڵان، خوشک و براکان و بێ دایک و باوکان دەتوانن دووبارە دوای دەیان ساڵ لە چاوەڕوانی بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە."

ئەم بڕیارەی ئیسڕائیل لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا دژی هێزەکانی تیگرای لە باکووری وڵاتەکە دەجەنگن، بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە سەدان هەزاران کەس لە برسێتیدا دەژین.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا سەدان کەس لە ئۆرشەلیم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی ئیسڕائیل کرد ئیسیوپیەکان " ڕزگار بکات."

ئەو هاوڵاتیانەی ئیسیوپیا کە دەتوانن کۆچ بکەن بۆ ئیسڕائیل ئەندامانی فەلاش موران، کە سەر بە جووەکانی ئیسیوپیان و لە سەدەکانی 18 و 19 دا زۆرینەیان لەژێر فشاردا چوونەتە سەر دینی مەسیحیەت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG