Accessibility links

ئەمەریکا و پێنج وڵاتی دیکە داوا لە ئیسیوپیا دەکەن هەڵمەتی دەستبەسەرکردنەکان ڕابگرێت


ئەمەریکا و پێنج وڵاتی دیکە دەڵێن " نیگەرانییەکی زۆرییان هەیە " سەبارەت بە هەواڵی دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵ لەلایەن حکومەتی ئیسیوپیاوە، دەستبەسەرکردنەکانیش لە نەژادەوە سەرچاوەیان گرتووە و بەبێ هیچ تۆمەتێک ئەنجام دەدرێن.

لە 2 ی مانگی یانزەدا حکومەتی ئیسیوپیا باری نائاسایی ڕاگەیاند، ئەوەش لەکاتێکدا بوو هێزەکانی تیگرای کە دژی حکومەت دەجەنگن دەستیان کرد بە جوڵەکانیان بەرەو ئادیس ئابابای پایتەخت.

حکومەتی ئیسیوپیا دەڵێت ئەو خەڵکانە دەستگیر دەکات کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پشتیوانی لە هێزەکانی تیگرای بکەن، بەڵام ڕێکخراوە مرۆییەکان و کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئیسیوپیا دەڵێن ژمارەیەک زۆر خەڵک دەستبەسەر دەکرێن تەنها لەبەر ئەوەی سەر بە نەژادی تیگرایین، لەوانەش قەشەکانی ئۆرسۆدۆکس و خەڵکانی بە تەمەن و ئەو دایکانەی کە لە خەمی منداڵەکانیاندان.

ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن هاوڵاتیانی تیگرای بەبێ هیچ تۆمەتێک یاخود دادگاییکردنێک دەستگیردەکرێن و لە بارودۆخێکی نامرۆییدا زیندانی دەکرێن.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ئەمەریکا و ئوستڕاڵیا واژۆیان کردووە تیایدا هاتووە دەڵێت زۆرێک لەو کارانە پێدەچێت بگەنە ئاستی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و دەبێت بەزووترین کات ڕابگیرێن.

هەریەک لە بەڕیتانیا و کەنەدا و دانیمارک و هۆڵەندا وتیان ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتێکدا بیانوو نیە بۆ دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵی سەر بە نەژادێکی دیاریکراو.

شەش وڵاتەکە لە بەیاننامەکەیاندا " نیگەرانی خۆیان دەربڕی " سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەواڵی ئەنجامدانی کاری دڕندانە لە ململانێکاندا، وتیان " سەرجەم لایەنەکان دەبێت بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکان پابەندی بەرپرسیارێتیەکانیان بن، لەو یاسایانەش پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی مرۆیی و تەندروستی."

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حکومەتی ئیسیوپیا و هێزەکانی تیگرای لە باکووری وڵاتەکە کە ماوەی ساڵێکە بەردەوامە، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، هەروەها ملیۆنان کەسیشی ئاوارە کردووە، زیاتر لە 9 ملیۆن کەسیش پشتیان بە یارمەتیە مرۆییەکان بەستووە بۆ خواردن.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " ڕوون و ئاشکرایە کە چارەسەری سەربازیی سوودی نیە بۆ ئەم ململانێیە، ئێمە سەرکۆنەی سەرجەم توندوتیژییەکان دەکەین دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا. سەرجەم لایەنە چەکدارەکان دەبێت شەڕ و پێکدادانەکان ڕابگرن و هێزەکانی بەرگری ئیریتریاش دەبێت لە ئیسیوپیا بکشێنەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG