دەزگای هەواڵی ئیسیوبیا لە زاری دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە بەرپرسان 15 کەسیان بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیماڕات لە ئادیس ئابابا دەستگیرکردووە.
دەزگاکە وتی کۆمەڵەکە لەلایەن دەستێکی بیانیەوە ئاڕاستەکراون، وتیشی لە میانەی ئەرکەکەدا بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی و بەڵگەنامە دەستیان بەسەرداگیراوە.
ئەوەشی خستەڕوو " کۆمەڵەکە ئەرکێکیان لەلایەن گروپێکی تیرۆریستی بیانیەوە وەرگرتووە و خۆیان ئامادە کردووە زیانێکی گەورە بە موڵک و خەڵکەکە بگەیەنن."
دەزگای هەواڵی ئیسیوبیا وتیشی کۆمەڵەی دووەم لە گومانلێکراوەکان پلانیان داناوە بۆ هێرشکردنە سەر نێردە دیبلۆماتییەکانی ئیماڕات لە سودان.
وتیشی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئیسیوبیا لەگەڵ هاوتا سودانیەکانیاندا پێکەوە سەبارەت بەم پلانگێڕییە کاردەکەن.
دەزگاکە وتی هەندێک لە گومانلێکراوەکان لە نزیک باڵیۆزخانەکە بیندراون.
وتیشی ئەوانی دیکەیان پارەیان لەو لایەنانەوە وەرگرتووە کە پشتیوانیان لێکردوون، ئەوەشی خستەڕوو یەکێک لە پلانگێڕەکان لە سوید دەستگیرکراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز