Accessibility links

بەرپرسانی ئیسیوپیا زیاتر لە 70 شۆفێری نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەستبەسەرکردووە


لە ئیمەیڵێکی ناوخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە ئاماژە بەوە دەدات بەرپرسانی ئیسیوپیا زیاتر لە 70 شۆفێرییان دەستبەسەرکردووە کە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاردەکەن.

هێشتا نەزاندراوە شۆفێرەکان سەر بە چ نەژادێکن. کۆمسیۆنی ئیسیوپیا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن حکومەتی ئیسیوپیاوە دەستنیشانکراوە ڕۆژی یەکشەممە وتی کۆمەڵێک ڕاپۆرتی لەسەر دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی تیگرای لە پایتەختی وڵاتەکە بەدەست گەیشتووە.

سەرۆکی کۆمسیۆنەکە دانیێڵ بیکیلی ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆیتەرزی وت چاودێری " دەستگیرکردنی سەدان هاوڵاتی تیگرای دەکەن لە ئادیس ئابابا."

لە ماوەی ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لانی کەم 16 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارمەندە سەربەخۆکان لە ئادیس ئابابای پایتەختی ئیسیوپیا دەستبەسەرکراون، ئەمەش لەنێوەندی بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی تیگرای لە پایتەختی وڵاتەکەدا.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیفان دوجاریک وتی " ئێمە بەدڵنیاییەوە چالاکانە لەگەڵ حکومەتی ئیسیوپیادا کاردەکەین تاوەکو بەزووترین کات ئازاد بکرێن."

دوجاریک ڕەتی کردەوە وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بەوەی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون سەر بە چ نەژادێکن و وتی " ئەمانە کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئەوان خەڵکی ئیسیوپیان. ئێمەش دەمانەوێت ئازاد بکرێن، ئیتر گرنگ نیە چ نەژادێک لەسەر ناسنامەکەیان نوسرابێت."

پۆلیسی ئادیس ئابابای پایتەخت ڕەتی کردەوە دەستگیرکردنەکان بەهۆی نەژادەوە بوو بێت و وتی ئەوان تەنها ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە پشتیوانی لە هێزە یاخیبووەکانی تیگرای دەکەن کە دژی حکومەتی ناوەند دەجەنگن.

وتەبێژی پۆلیسی ئادیس ئابابا و وتەبێژی حکومەتی ئیسیوپیا لێگێسی تولو بە ڕۆیتەرزیان وت هیچ زانیارییەکیان نیە لەسەر دەستگیرکردنی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لێگێسی وتی " ئەوانەی دەستبەسەرکراون خەڵکی ئیسیوپیان و یاسایان پێشێل کردووە."

لەلای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " ڕاپۆرتەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن ئەم دەستگیرکردنانە لەسەر بنەمای نەژادیی ئەنجامدراون، ئەگەر ئەوە پشتڕاست ببێتەوە، ئەوا بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین، هەرچیەک پێویست بێت بۆ ئازادکردنی ئەم کەسانە، ئێمە ئامادەین بیکەین."

لەم هەفتانەی دواییدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا و هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای لە باکووری وڵاتەکە زیادیکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای بەرەو باشوور پێشڕەوی کرد. هێزەکانی تیگرای و هاوپەیمانەکانی هەڕەشەی ئەوەیان کردووە بەرەو ئادیس ئابابای پایتەخت دەجوڵێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG