پۆلیسی بەڕیتانیا وتی دوو شەمەندەفەر لە تونێڵی فیشەرتۆن لە باشووری ڕۆژئاوای شاری ساوڵسبرێ بەریەککەوتوون، ژمارەیەک برینداربوون، ڕاشیگەیاند بەیەکدادانەکە ڕووداوێکی گەورەیە.
بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی بەڕیتانیا وتی " ژمارەیەک کەس برینداربوون، بەڵام خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی مردنی تێدا نەبووە."
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەکاتێکدا زۆرینەی ئەوانەی برینداربوون بە پێی خۆیان ڕۆیشتوون، هەندێکی دیکەیان بە شۆفێرەکەشەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
پۆلیس وتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی خێرا لە شوێنی ڕووداوەکە بوون لە نزیک وێستگەی ساوڵسبرێ . تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی دۆرسێت و ویڵتشایەر توانیویانە یارمەتی گواستنەوەی نزیکەی 100 کەس بدەن.
کەناڵی بی بی سی لە زاری نێتۆرک ڕەیڵەوە کە کارپێکەری شەمەندەفەرەکەیە بڵاویکردەوە فارگۆنی دواوەی شەمەندەفەرێکیان دوای ئەوەی بەر شتێک کەوتووە لە هێڵەکەی خۆی لایداوە. دواتر شەمەندەفەری دووەم خۆی کێشاوە بە شەمەندەفەری یەکەمدا.
کارپێکەری شەمەندەفەرەکە ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ پۆلیسدا هاریکاری دەکات لە لێکۆڵینەوەکانیاندا.
وتیشی ڕووداوەکە لەنێوان دوو شەمەندەفەردا بووە، یەکێکیان لە لەنێوان پۆرتسماوث و بریستۆڵدا گەشتی کردووە و ئەوی دیکەیان لە وێستگەی واتەرلووی لەندەنەوە بەرەو هۆنیتۆن گەشتی کردووە.
پۆلیس وتی " بەرپرسان شان بە شانی هاوڕێکانمان لە خزمەتگوزاری بەپەلە بەردەوامن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکەدا و واپێشبینی دەکرێت هێڵەکە بۆ ماوەیەک دابخرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز