سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین هۆشداریدایە ڕوسیا و وتی ئەگەر هاتوو ئەرکە دوژمنکارییەکانی دژی ئۆکرانیا زیاد بکات ئەوا " ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی بێپێشینە " دەبێتەوە.
ڤۆن دێر لین لەمیانەی وتارەکەیدا لەبەردەم پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە ستراسبۆرگی فەڕەنسا باسی لە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا کرد لەنزیک سنووری ئۆکرانیا. جەختی لە " پشتیوانیی جێگیری یەکێتی ئەوروپا کردەوە بۆ سەروەری خاکی ئۆکرانیا ".
سەرەڕای ئەوەی یەکێتیەکە پێشتر کۆمەڵێک سزای بەسەر ڕوسیادا سەپاندووە، ڤۆن دێر لین وتی کردەوەی دوژمنکاری زیاتر لەلایەن ڕوسیاوە " باجێکی گەورەی " دەبێت لەسەر ڕوسیا. وتیشی لەوانەیە وەڵامدانەوەی ئێمە " زیادکردنی ئەو سزایانە بێت کە پێشتر سەپێندراون بەسەر ڕوسیادا."
ئاماژەشی بەوەدا یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە " ڕێوشوێنی دیکەی بێپێشینە بگرێتەبەر کە دەرەنجامێکی گەورەی لەسەر ڕوسیا دەبێت."
ڤۆن دێر لین داواشی لە ڕوسیا کرد " گرژییەکان کەم بکاتەوە و پەنا بباتە بەر کەناڵە دیبلۆماتیەکان و پابەندی بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانی بێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا