Accessibility links

دانیمارک بەنیازە خەرجی بەرگریی وڵاتەکە زیاتر بکات


سەرۆک وەزیری دانیمارک مێتێ فرێدرکسن
سەرۆک وەزیری دانیمارک مێتێ فرێدرکسن

سەرۆک وەزیری دانیمارک مێتێ فرێدرکسن وتی دانیمارک بەشێوەیەکی بەرچاو بودجەی بەرگری وڵاتەکە زیاد دەکات و دەیەوێت چیتر پشت بە گازی سروشتی ڕووسی نەبەستێت، ئەمانەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

دانیمارک قۆناغ بە قۆناغ تاوەکو ساڵی 2023 لە سەدا 2 ی داهاتی ناوخۆی بۆ خەرجی بەرگری وڵاتەکە دابین دەکات. ئەمەش بەپێی ڕێکەوتنی حیزبە سەرەکییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکە، ساڵانە 18 ملیۆن کڕۆنی دانیمارکی کە دەکاتە 2.65 ملیار دۆلار بۆ خەرجی بەرگری دابین دەکرێت.

حیزبەکانی پەرلەمانی دانیمارک ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەش کە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا 7 ملیار کڕۆنی دیکە پاشەکەوت بکەن بۆ بەهێزکردنی بەرگری دانیمارک و هەوڵە دیبلۆماسی و مرۆییەکان.

فرێدریکسن لە کۆپینهاگن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ساتی مێژوویی پێویستی بە بڕیاری مێژوویی هەیە. ئەمە گەورەترین وەبەرهێنانە کە لە بەرگری دانیمارکدا دەکرێت."

لە ساڵی 2019 دا دانیمارکی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕازیبوو لەسەر ئەوەی تاوەکو ساڵی 2023 خەرجی سەربازیی لە سەدا 1.35 ی داهاتی ناوخۆی وڵاتەکەوە زیاد بکات بۆ لە سەدا 1.5، بەڵام ئەمەریکا هەمیشە فشاری کردۆتەسەری تاوەکو خەرجییە سەربازییەکەی بگەیەنێتە لە سەدا 2 ، کە ئەمەش ئامانجی هاوپەیمانێتی ناتۆیە.

هەفتەی ڕابردوو ئەڵمانیا ڕایگەیاند خەرجی بەرگری وڵاتەکە بۆ لە سەدا 2 زیاد دەکات، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا بەخێرایی هەوڵ دەدات پشت بەستنی بە گازی ڕووسی کەم بکاتەوە.

فرێدرکسن وتی " هێرشە بێ مانا و دڕندانەکەی پوتن بۆ سەر ئۆکرانیا سەردەمێکی نوێ و ڕاستییەکی نوێی لە ئەوروپا دەرخست."

وتیشی " کۆششەکەی ئۆکرانیا تەنها ئۆکرانی نیە، ئەمە تاقیکردنەوەیەکە بۆ سەرجەم ئەو شتانەی ئێمە بڕوامان پێیان هەیە، بەهاکانمان، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، و ئاشتی و ئازادی."

فرێدریکسن ئاماژەشی بەوەدا حیزبە سەرەکییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی چیتر نابێت دانیمارک پشت بە گازی ڕووسی ببەستێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG