Accessibility links

ئەمەریکا: بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردنەوە لە باڵتیمۆر 2 کەس کوژراون و 28 کەسی دیکە بریندار بوون


ڕووداوی تەقەکردن، باڵتیمۆر، ئەمەریکا
ڕووداوی تەقەکردن، باڵتیمۆر، ئەمەریکا

پۆلیسی ئەمەریکا دەڵێت بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردنەوە دوابەدوای ئاهەنگێک لە گەڕەکێکدا لە باڵتیمۆری ویلایەتی ماریلاند دوو کەس کوژراون و 28 کەسی دیکە بریندار بوون، نزیکەی 14 منداڵیش لە نێو بریندارەکاندان.

پۆلیس بە ڕۆژنامەنووسانی وت ژنێکی تەمەن 18 ساڵ و پیاوێکی تەمەن 20 ساڵ کوژراون و نۆ کەسی دیکە هێشتا لە نەخۆشخانەن و دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە بە فیشەک بریندار بوون، هەندێکیشیان لە بارودۆخێکی خراپدان.

کۆمسیاری کاربەڕێکەری بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی باڵتیمۆر ڕیچارد وۆرلی وتی 14 منداڵ لە نێو بریندارەکاندان و تەمەنییان لە خواروو 18 ساڵەوەیە، ئاماژەشی بەوەدا هێشتا هەوڵ دەدەن تەمەنی قوربانییەکان پشتڕاست بکەنەوە.

وۆرلی وتی پۆلیس هێشتا بە دوای چەند گومانلێکراوێکدا دەگەڕێت، هەروەها داوای لە خەڵکەکە کرد هەر ڤیدیۆیەک یاخود زانیارییەکییان هەیە سەردانی پۆلیس بکەن.

وتی " دڵنیایین لەوەی کە زیاتر لە گومانلێکراوێک هەبوون. نازانین چەند کەس بوون."

شایەتحاڵێک بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی فۆکس 45 ی وت گوێیان لە دەنگی 20 بۆ 30 تەقە بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG