Accessibility links

ئازەربایجان 10 سەربازیی دیکەی ئەرمینیا ئازاد دەکات


ئازەربایجان دەڵێت 10 سەربازی دیکەی ئەرمینیایان ئازاد کردووە کە مانگی ڕابردوو لە ماوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوانیاندا دەستبەسەرییان کردبوون.

لیژنەی کاروباری زیندانیان جەنگ لە ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەنێوەندگری یەکێتی ئەوروپا، ئازەربایجان 10 سەربازی دیکەی ئەرمینیای ڕادەست کردۆتەوە." سەربازەکان لە شەڕ و پێکدادانەکانی 16 ی مانگی یانزەدا دەستبەسەرکرابوون.

باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەڵێت ئازادکردنی سەربازەکان ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیڤ و سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵز میشێل بووە کە لە 14 ی مانگی نۆدا لە بڕۆکسل بەڕێوەچوو.

میشێل وتی " بە گەرمی پێشوازی لە بڕیارەکەی باکۆ دەکەم بۆ ئازادکردنی 10 دەستبەسەرکراوەکەی ئەرمینیا دوابەدوای گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان و سەرۆک وەزیری ئەرمینیا." وتیشی " ئەمە دەستپێشخەرییەکی مرۆیی گرنگە کە دەریدەخات هەردوولا ئامادەن متمانەکان پتەوتر بکەن وەکو چۆن لە بڕۆکسل باسکراوە."

لە ماوەی ڕابردووشدا دوابەدوای نێوەندگرییەکەی ڕوسیا لە 4 ی مانگی دوانزەدا ئازەربایجان 10 سەربازی دیکەی ڕادەستی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا کردەوە، ئەمەش یەکەمین ئاماژەی بەرجەستە بوون لەسەر کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، ئەوەش دوای شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی ڕابردوو کە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG