ئوستڕاڵیا ڕایگەیاند سزا دەسەپێنێت بەسەر 33 دەسەڵاتداری دەوڵەمەند و خاوەن کاری ڕووسیدا، لەنێویاندا ڕۆمان ئابرامۆڤیچی خاوەنی یانەی تۆپی پێی چێڵسی ئینگلیزی و ئالێکسی میڵەری بەڕێوبەری کۆمپانیای گازپرۆمیان تێدایە، ئەمەش بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا.
وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا ماریس پاین وتی ئوستڕاڵیا پشتیوانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا و نیوزلەندای کردووە لە گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندە سەرەکییەکانی ڕووسیا.
پاین وتی " لە ساڵی 2014 ەوە زۆرێک لەم دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندانەی ڕووسیا ڕاستەوخۆ کارئاسانییان کردووە یاخود سوودیان وەرگرتووە لە کارە نایاساییەکانی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا. لە هەندێک حاڵەتدا سزاکان ئەندامانی خێزانەکانیشیان دەگرێتەوە."
دوابەدوای داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ئوستڕاڵیا سزای بەسەر سیاسییەکانی ڕووسیادا سەپاندووە، لەنێوشیاندا سەرۆکی وڵاتەکە ڤلادیمیر پوتن و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و ئەندامانی پەرلەمان و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز