بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی ڕێختەر ناوچەی لۆس ئانجلسی لە کالیفۆڕنیا هەژاند

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ڕووپێویی جیۆلۆجی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە 28 ی مانگی یازدە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی سەرەتایی 5 پلەی ڕێختەر ناوچەی مانهاتن بیچی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا هەژاند. هیچ ڕاپۆرتێکی دەستبەجێ سەبارەت بە زیانی گیانی یان ماددی تۆمار نەکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئانجلس کەوتە دۆخی ئامادەباشی بوومەلەرزەوە و کارمەندانی 106 بنکەی ئاگرکوژێنەوەی گەڕەکەکانی بۆ پشکنینی ژێرخانەکان و دڵنیابوونەوە لە نەبوونی زیان بڵاوە پێکرد. بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئاگادارکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند کە هیچ برینداربوونێک یان زیانێکی پێکهاتەیی تۆمار نەکراوە.

شارەوانی مانهاتن بیچ داوای لە دانیشتووان کردووە ئامادە بن بۆ پاش لەرزەکان، کە دەکرێت چەند خولەکێک، چەند کاتژمێرێک و هەندێک جاریش چەند ڕۆژێک دوای بوومەلەرزە ڕووبدەن. شارەوانییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کە لەم کاتەدا هیچ مەترسییەکی ڕوودانی تسونامی لە ئارادا نییە.

دەستەی ڕووپێویی جیۆلۆجی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە کە دوو پاش لەرزە لە مانهاتن بیچ و چوار بوومەلەرزەی دیکە لە ناوچەی هێرمۆسا بیچی نزیکی تۆمار کراون، کە وا دەردەکەوێت بەشێک بن لە '' زنجیرە بوومەلەرزەیەکی ناوچەیی '' کە کاتێک ڕوودەدات چەند بوومەلەرزەیەک لە ناوچەیەکی بچووکدا تۆمار دەکرێن.

XS
SM
MD
LG