سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕق و کینەی نێوان پوتن و زێلێنسکی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئاشتیدا

Trump
Trump

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، ڕایگەیاند دوژمنایەتی کەسیی لە نێوان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم کۆتاییهێنان بە جەنگ، هاوکات داوای لە مۆسکۆ کرد فشارە سەربازییەکانی لە سەرانسەری ئەوروپا کەم بکاتەوە.

سەرۆک ترامپ لە کاتی لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژی سوپاسگوزاریدا لە هاوینەهەواری مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا، ئەو بانگەشانەی ڕەت کردەوە کە دەوترێت بەرامبەر مۆسکۆ نەرم بووە. ئاماژەی بە سزا و باجە گومرگییەکان کرد کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەپاندوونی و گوتی، ''نەخێر، زۆر توند بووم بەرامبەر بە ڕووسیا. بەڵام دەمەوێت ڕێککەوتن بکەم ئەگەر بتوانین ڕێککەوین.''

سەرۆک ترامپ پێشتر ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند کە بەشێکی زۆری کاتی خۆی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن لە چین لە هەفتەی ڕابردوودا بەوە بەسەر بردووە کە هانی بدات ''هەموو دەستدرێژییەکی سەربازی دژی ناوچەکانی سەرانسەری ئەوروپا ڕابگرێت، بە هیوای ئەوەی ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بکرێت و بە خێراییش بکرێت.''

سەبارەت بە لوتکەی مانگی داهاتووی گروپی 20 لە فلۆریدا، سەرۆک ترامپ گوتی ڤلادیمیر پوتن بەخێر بێت. گوتی، ''ئەگەر بەدەست من بێت، پێم خۆشە بیبینم.'' کرێملین ڕایگەیاند کە ڤلادیمیر پوتن هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا بەشداری دەکات یان نا.

زێلێنسکی: ''ناتوانێت هاوڕێ بێت''

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی کە ڕۆژی هەینی پەخش کرا، سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی پێی ''سەیر'' بوو کە سەرۆک ترامپ لە کاتی لووتکەی هەفتەی ڕابردوو لە چین، ڤلادیمیر پوتنی بە هاوڕێ ناو بردووە. زێلێنسکی گوتی، ''ئەو دەستدرێژیکارە ... و بکوژە. ناتوانێت هاوڕێ بێت، وەک ئەوەیە کەسێک لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا سەبارەت بە هیتلەر بڵێت هاوڕێیەکی باشە.'' داوای لە واشنتن کرد فشارەکانی سەر مۆسکۆ زیاد بکات.

سەرۆک ترامپ بەرگریی لەوە کرد کە لەم دواییانەدا ڤلادیمیر پوتنی بە هاوڕێ ناو برد، گوتی دوژمنایەتی تەنیا دانوستانەکان تێک دەدات.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، ''دەمانەوێت ڕێککەوتن بکەین. دەمانەوێت کوشتن ڕابگرین. دەتوانم بچمە ژوورەوە و بڵێم، من خۆشیم لە تۆ نایەت، و ئەو کاتە هەمان ئەو کێشەیەمان دەبێت کە لەگەڵ زێلێنسکی و پوتن هەمانە. دەزانن، گەورەترین کێشەی ئەو ڕێککەوتنە ئەو ڕاستییەیە کە ئەو دوو سەرکردە بە ڕاستی ڕقیان لە یەکترە.''

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی هەروەها لە گوتاری ڤیدیۆیی شەوانەی ڕۆژی پێنجشەممەدا هۆشداری دا کە ڕووسیا خۆی بۆ هێرشێکی بەرفراوانی دیکە ئامادە دەکات. گوتی، ''لە ڕۆژانی داهاتوودا، تکایە سەرنج بدەنە ئاگادارکەرەوەکانی هەڕەشەی مووشەکی.''

بەردەوامیی هێرشەکان

بەپێی بەرپرسانی ناوچەیی و نیشتمانی، هێرشەکانی ڕووسیا ڕۆژی هەینی لە سەرانسەری ئۆکراینا لانیکەم چوار کەسیان کوشت و لانیکەم 12 کەسی دیکەشیان بریندار کرد، و هێڵەکانی شەمەندەفەر، دامەزراوەکانی وزە، شوێنە بازرگانییەکان و ماڵەکانیان کردە ئامانج.

لە ڕووسیا، بەرپرسان ڕایانگەیاند کە هێرشەکانی ئۆکراینا لە شەودا لانیکەم دوو کەسیان کوشتووە. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند کە 318 درۆنی ئۆکراینای خستووەتە خوارەوە.

لە برۆکسل، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی زووتر کۆتاییان بە لووتکەیەک هێنا بەبێ ئەوەی لەسەر بودجەی درێژخایەنی یەکێتییەکە ڕێک بکەون، بەمەش پێشنیازێکی قەرز بە بڕی 49 ملیار دۆلار بۆ ئۆکراینا بە یەکلایینەکراوی مایەوە. بەپێی گوتەی ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، هەموو وڵاتانی ئەندام جگە لە سێ وڵات لە کۆی 27 وڵات پشتگیریی قەرزەکە دەکەن، هەروەها سەرکردەکان لە 17 بۆ 18ـی مانگی دوازدە جارێکی دیکە هەوڵ دەدەنەوە.

ئەم دیپلۆماسییەتە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی ئاشتی بە نێوەندگیریی ئەمەریکا چاوەڕوانی گەڕێکی نوێن. دوایین زنجیرەی گفتوگۆکان لە سەرەتای مانگی یانزەدا ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی لێ کەوتەوە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ بەدی نەهاتووە، هەروەها هیچ ڕێککەوتێکیش بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دیارینەکراوە.

XS
SM
MD
LG