سەرۆک ترامپ: داوام لە پوتن کردووە هێرشکارییە سەربازییەکانی لە سەرتاسەری ئەوروپا ڕابگرێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە هەفتەی ڕابردوو بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیای ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا خوازیارە ڕووسیا دەست لە هێرشکارییە سەربازییەکانی لە سەرتاسەری ئەورووپا هەڵبگرێت، بەو هیوایەی ئەمە ببێتە مایەی چارەسەرێکی خێرا بۆ شەڕی ئۆکراینا.

ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، "لە وادەی گفتوگۆکانمدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە چین، کاتی زۆرمان بەسەر برد لە گفتوگۆ لەسەر ئەوەی کە خوازیارم ببینم سەرۆک پوتن دەست لە هێرشکارییە سەربازییەکانی لە دژی ناوچەکان لە سەرتاسەری ئەوروپا هەڵبگرێت، بەو هیوایەی ڕێککەوتنێک سازبدرێت لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، و بەخێراییش بکرێت."

هەروەها ترامپ نوسیویەتی، "بەڕاستی بڕوام وایە کە ئەمە ئەگەرێکی بەهێزە – هەزاران کەس مانگانە دەکوژرێن و ڕووباری خوێن دەڕژێت."

ترامپ هەفتەی ڕابردوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەیپێک، لەگەڵ پوتن کۆبووەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و پرسەکانی تری ئاسایش. سەرۆک ترامپ هەروەها بەشداری کرد لە لوتکەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتن و شی جینگپینگی سەرۆکی چین.

سەرۆک ترامپ ئێوارەی چوارشەممە لە فلۆریدا لەگەڵ مارک ڕوتە، سکرتێری گشتی ناتۆ، کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ڕووسیا و ئۆکراینا کرد کە خۆیان بەدور بگرن لە هەر کردارێک کە "جەنگەکە فراوان بکات."

هەروەها جەختیان لەسەر "گرنگیی دەستخستنی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ جەنگەکە بەزووترین کات" کردەوە.

ئەم کۆبونەوەیەی نێوان ترامپ و ڕوتە لەدوای ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو دێت کە تیایدا سێ موشەکی کروزی ڕووسیا سنوری ئاسمانیی پۆڵەندایان بەزاند لەوادەی هێرشێکی ڕووسیادا بۆسەر ئۆکراینا.

پۆڵەندا ئەندامی ناتۆیە و ڕوتە پێشتر وتبووی کە ناتۆ بەرگری لە هەر بستێکی خاکی پۆڵەندا دەکات.

لای خۆیەوە دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملن، بە ڕۆژنامەنوسانی وت، "بێگومان کەس ناخوازێت ئەو شەڕە لەڕووی جوگرافییەوە تەشەنە بکات." ئۆکراینای بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت جەنگەکە فراوان بکات لەڕێگەی ئەنجامدانی هێرش لە دەریای ناوەڕاست و بەڵتیک.

ئەم تۆمەتە دوای ئەو هێرشانە دێت کە کرانە سەر کەشتیەکی سەربازیی ڕووسیا لە کەنارەکانی لیبیا کە ئۆکراینا بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ، وهەروەها هێرشێک بۆ سەر بارهەڵگرێکی ڕووسیا لە دەریای بەڵتیک.

سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمەریکا، هێرشەکانی هەردوو وڵات بۆ سەر یەکدی بەردەوامن و مانگی دووی ساڵی داهاتووش جەنگەکە پێ دەنێتە ساڵی شەشەمەوە.

XS
SM
MD
LG