دەم پارتی و باخچەلی لەسەر قۆناغی ئێستای پڕۆسەی ئاشتی کۆبوونەوە

ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، دەوڵەت باخچەلی، کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکەی نێوان ئەندامانی شاندەکە، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور، لەگەڵ باخچەلی نزیکەی 35 خولەکی خایاند.

پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دوای کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە دواتر ڕاگەیەندراوێکی نووسراو لە بارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بڵاو دەکەنەوە.

دەم پارتی ڕایگەیاند کە ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی لەگەڵ باخچەلی سەبارەت بە قۆناغی ئێستای پڕۆسەی ئاشتی گفتوگۆیان کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی، هەردوولا سەبارەت بە پێداویستییە یاسایی و سیاسییەکانی پڕۆسەکە دانوستانیان کردووە.

پرۆسە نوێیەکەی ئاشتی، کە حکومەتی تورکیا پێی دەڵێت 'تورکیای بێ تیرۆر'، لە مانگی دەی ساڵی 2024ـدا بە بانگەوازەکەی باخچەلی دەستیپێکرد.

پەرلەمانی تورکیا لە مانگەکانی هاویندا یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەکەی پەسەند کرد.

چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆمسیۆنی چاودێریکردن بۆ پرۆسەکە دابمەزرێت و دەست بە کارەکانی بکات. ژمارەی کورسییەکانی ئەم کۆمیسیۆنە 19 کورسییە و لەو ژمارەیە 2 کورسی بۆ دەم پارتی و 2 کورسیش بۆ مەهەپە دانراون.

XS
SM
MD
LG