ئۆجەلان داوای گەرەنتی یاسایی و داننان بە کورد وەک "توخمێکی بنەڕەتیی دامەزرێنەری" تورکیا دەکات

دیمەنی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان لە 27ـی دووی 2025.
دیمەنی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان لە 27ـی دووی 2025.

شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ دووشەممە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی دوێنێی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بڵاوکردەوە، تێیدا ئۆجەلان داوای دابینکردنی "گەرەنتی یاسایی" بۆ گەلی کورد کردووە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەدا دەڵێت، "بە تایبەتی دەمانەوێت لەگەڵ ئەو دیموکراتیکخوازانەدا کۆماری دیموکراتیک دابمەزرێنین کە باوەڕیان وایە بە گەرەنتیی یاسایی کورد وەک توخمێکی بنەڕەتیی دامەزرێنەر، دەکرێت تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکاتە مۆدێلێکی نموونەیی."

ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی سەر بە حکومەتی تورکیا، بە پشتبەستن بە "سەرچاوەی ئەمنی،" ڕایگەیاندووە کە پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا 14 پەناگەی دیکەی لە ناوچەی خواکوڕک چۆڵ کردووە.

لە ڕاگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی دەم پارتیدا هاتووە، "بینیمان کە بەڕێز ئۆجەلان ڕۆیشتووەتە شوێنە نوێیەکەی کە لە ناو زینداندا دروست کراوە. ڕوونە کە ئەمە بۆ هەلومەرجی ژیان و کارکردن دۆخێکی ئەرێنییە. ئەوەی ئێستا دەبێت بکرێت، ڕەخساندنی ئەو دەرفەتانەی پەیوەندیکردنە تا بەڕێز ئۆجەلان بتوانێت ئەو کارە گەورەیەی ماوەی دوو ساڵە لە پێناو ئاشتی و هاوپشتی مێژوویی تورک و کورددا دەیکات، بە شێوەیەکی یەکانگیر خودی خۆی بە میدیا و ڕای گشتیی ڕایبگەیەنێت"

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە لەوەی تورکیا لەبەردەم "وەرچەرخانێکی مێژوویی" و قۆناخێکی نوێدایە و گوتوویەتی، "من پرسی کورد وەک پرسێکی دیموکراسی هەڵدەسەنگێنم. هەوڵێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی لەم شێوەیە بە سوودی هەموو گرووپێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە تورکیا."

ئۆجەلان لە دیدارەکەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسیی تورکیا و پرۆسەی چارەسەری کردووە و وتوویەتی، "لەبەردەم قۆناغێکداین کە لایەنی کردەیی بەهێزە و دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کۆماردا. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەش پێویستی بە وردبوونەوەی هەمەلایەنە و ئاگاداربوون لە مەترسییەکان هەیە."

پەیامەکەی ئۆجەلان لە کاتێکدایە پەکەکە دەڵێت چاوەڕوانی هەنگاوی کردارییە لە حکومەتی تورکیا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی، لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا پێداگری دەکات لەسەر چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"ـدا.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیای فەرمیی تورکیا، پەکەکە پێشتر لە 8ـی دەی 2026ـدا چوار شوێنی مانەوەی لە ناوچەی بازێ لە دەڤەری مەتین چۆڵ کردبوو کە بریتی بوون لە خەبات، یاژک، سەبری و سەسۆن.

سەرچاوە "ئاسایشییەکانی" تورکیا ئاماژەیان بەوە داوە کە لە درێژەی هەوڵەکاندا بۆ چۆڵکردنی ئەو شوێنانەی مەترسیی پێکدادانیان تێدایە، ئەمجارە، تاوەکو ڕۆژی 18ـی یازدە، پەکەکە 14 شوێنی مانەوەی لە ناوچەی خواکوڕک چۆڵ کردووە. هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، پەکەکە لەسەر ئەم هەواڵە هیچ هەڵوێستێکی بڵاو نەکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG