سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست ڕایگەیاند کە هیچ خشتەیەکی کاتی بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا نییە، بەڵام "ئارەزوو دەکەم کۆتاییپێهاتنی جەنگەکە ببینم.''
لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ دوای ئەوە دێن کە سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بە دەزگای هەواڵی بلومبێرگی ڕاگەیاند کە نێردەکانی ئەمەریکا هیواخوازن تا مانگی یەک بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتی.
سەرۆک ترامپ گوتی، ''من لەژێر هیچ خشتەیەکی کاتیدا نیم. حەز دەکەم هەر ئەمڕۆ تەواو بێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەردوو لایەنە.''
سەرۆک ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ''هەندێک جار پوتن وا دەردەکەوێت کە ئامادە بێت و زێلێنسکی ئامادە نییە. هەندێک جاریش زێلێنسکی زۆر حەز دەکات تەواو بکرێت و پوتن ئامادە نییە. دەکەوێتە سەر ئەوەی کام ڕۆژەیە.''
قسەکانی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدایە کە دانوستانکاران هەوڵ دەدەن درێژە بە دوایین گەڕی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان بدەن کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە ئەبوزەبی بەڕێوە چوون. ئەو گفتوگۆیانە یەکەمین دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان شاندەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا بوون لە ماوەی نۆ مانگدا. هەردوولا لە گفتوگۆکاندا بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر ئاڵوگۆڕێکی گەورەی دیلەکان دەرچوون، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەسەر پرسی خاک یان ئاگربەست بەدی نەهات.
جێرید کوشنەر، نێردەی ئەمەریکا و زاوای سەرۆک ترامپ، هەفتەی ڕابردوو لە بەرلین ڕایگەیاند کە ئەمەریکا مۆسکۆی ''ئاسوودە'' کردووە سەبارەت بە گەرەنتییە ئاسایشییەکان بۆ ئۆکراینا کە لەسەر شێوەی بەندی پێنجەمی ناتۆ داڕێژراون.
بەندی پێنجەمی ناتۆ ئەندامان پابەند دەکات بەوەی هێرشکردنە سەر یەک ئەندام وەک هێرشکردنە سەر هەمووان هەژمار بکەن. ئۆکراینا ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا تاوتوێی پێدانی گەرەنتیی هاوشێوەیان بەو وڵاتە کردووە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی.
کرێملن بە شێوەیەکی گشتی ئەو هەڵوێستەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و هیچ وادەیەکیش بۆ گەڕی داهاتووی گفتوگۆکان دیاری نەکراوە، کە کیێڤ و واشنتن دەیانەوێت وڵاتانی ئەوروپاشی تێدا بەشدار بن.
هەوڵە مرۆییەکانی مەڵانیا ترامپ
هەروەها کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەم هەفتەیە نۆ منداڵی دیکەی ئۆکراینایی و ڕووسیایی بە هاوکاریی خانمی یەکەم مەڵانیا ترامپ گەڕێندراونەتەوە لای خێزانەکانیان. مەڵانیا ترامپ سوپاسی سەرکردەکانی ڕووسیا و ئۆکراینای کرد بۆ ''هاوکاریی تەواویان.'' لە کۆتایی مانگی دە، خانمی یەکەم هاوکار بوو لە نێوەندگیریکردن بۆ ئاگربەستێک لە دەوروبەری شاری ئۆلێشکی کە لەلایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە، و بووە هۆی ڕزگارکردن و گواستنەوەی نزیکەی 800 کەس.
هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە
لە کاتێکدا دانوستانکاران بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ئاشتی، شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن. بەرپرسان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە دوای ئەوەی ڕووسیا لە شەودا هێرشی کردە سەر ژێرخانی وزە و گازی ئۆکراینا، کارەبای پێنج هەرێمی ئەو وڵاتە بڕا.
کۆمپانیای وزەی DTEK ڕایگەیاند کە یەکێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دوای هێرشەکان لە کار کەوتووە، هەروەها ئاگرێکی گەورە بووەتە هۆی داخستنی دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی گازی کۆمپانیای نەفتۆگاز لە هەرێمی پۆڵتاڤا لە ناوەڕاستی وڵاتەکە.
بە گوتەی جێگری وزەی ئۆکراینا، ئارتێم نێکراسۆڤ، هێرشەکان بۆ حەڤدەهەمین جار لە ئەم ساڵدا وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژایان لە تۆڕی کارەبای دەرەکی دابڕی کە لەلایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە.
سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا، سێرگێی کۆرێتسکی، لە تێلێگرام ڕایگەیاند کە کەسێک لە هەرێمی کیێڤ کوژراوە و نووسیویەتی، ''سەختترین دۆخ لە زاپۆریژایە، کە ئێستا هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەوێن.'' سەرۆکی بەوەکالەتی بەڕێوبەرایەتی سەربازیی هەرێمەکە، میخایلۆ سێمیکین، گوتی، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی هێرشێکی ڕووسیاوە بۆ سەر چەند باڵەخانەیەک لە شاری زاپۆریژا شەش کەس بریندار بوون کە دووانیان منداڵن. بەرپرسان ئاماژەیان بەوەش دا کە ڕۆژی سێشەممە بۆمبێکی ئاڕاستەکراوی ڕووسیایی لەو شارە دوو کەسی کوشتووە و لانیکەم 48 کەسی دیکەی بریندار کردووە کە چوار منداڵیان تێدایە.
لە هەرێمی ئۆدێسا لە باشووری وڵاتەکە، پارێزگار ئۆلێه کیپەر لە تێلێگرام ڕایگەیاند کە درەنگانی شەوی سێشەممە بەهۆی هێرشێکی ڕووسیاوە دوو کەس بریندار بوون.
لە هەمان کاتدا ئۆکراینا درێژەی بە هێرشە دوورمەوداکانی خۆیدا. لە ڕووسیا، دەسەڵاتدارە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند کە درۆنێکی ئۆکراینا لە هەرێمی سامارا کەسێکی کوشتووە. دەستەی ئەرکانی گشتیی سوپای ئۆکرایناش ڕایگەیاند کە هێزەکانیان دوو پاڵاوگەی نەوتی کۆمپانیای ڕۆسنەفتییان لە هەرێمی سامارا کردووەتە ئامانج، هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانی ساڤاسلێیکا لە هەرێمی نیژنی نۆڤگۆرۆد، کە بە گوتەی خۆیان سێ فڕۆکەی جۆری MiG-31 و دوو فڕۆکەی جۆری Su-34 زیانیان بەرکەوتووە. ئەم بانگەشانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە.
ئاڵوگۆڕی هەڵوێستەکانی پوتن و زێلێنسکی
هێرشەکانی سەر پاڵاوگەکان بوونەتە خاڵێکی گەرمی ململانێ لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا. ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی کرێملندا تایبەت بە کەرتی وزە، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کیێڤی تۆمەتبار کرد بە پشتگوێخستنی داواکارییە ڕاستەوخۆکەی سەرۆک ترامپ بۆ ڕاگرتنی هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی ڕووسیا و گوتی، ''لەم ڕووەوە، دەمەوێت جەخت بکەمەوە کە ڕێکارە تۆڵەسێنەرەوەکانی ئێمە حەتمین.'' لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، ئاندری سیبیها، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی دایەوە و نووسی، ''ئەگەر پوتن هێرشەکانی ئۆکراینای بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی بەدڵ نییە، دەتوانێت فەرمانی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەربکات.''
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، ئاماژەی بە تێچووی هێشتنەوەی ئۆکراینا لە جەنگەکەدا کرد و ڕۆژی سێشەممە بە بەرپرسانی هەرێمەکانی ڕاگەیاند کە ئۆکراینا دەبێت ساڵی داهاتوو 115 ملیار یۆرۆ (125 ملیار دۆلار) لە دەرەوە کۆ بکاتەوە، هەروەها یەکێتی ئەوروپاش پێشوەختە پابەند بووە بە دابینکردنی نزیکەی 90 ملیار یۆرۆ (98.7 ملیۆن دۆلار). زێلێنسکی جەختی کردەوە کە کیێڤ ئاشتی دەوێت، ''بەڵام نەک تەنیا لەسەر حیسابی ئۆکراینا.'' هەروەها بە بلومبێرگی ڕاگەیاند کە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتنێکی پەسەندکراو، ئۆکراینا فشار دەکات بۆ بەدەستهێنانی پاکێجێکی گەورەی هاوکاریی سەربازیی ئەمەریکا و سەپاندنی سزای توندتر بەسەر ڕووسیادا.