ئەمەریکا دەیەوێت باجی گومرگی بخاتە سەر 14 هاوبەشی بازرگانی

لەم وێنەیەدا هاوارد لەتنیک، وەزیری بازرگانی ئەمەریکا، خشتەیەکی بە دەستەوەیە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی سەبارەت بە باجە گومرگییەکان قسە دەکات، ڕۆی 2ـی چواری 2025.
لەم وێنەیەدا هاوارد لەتنیک، وەزیری بازرگانی ئەمەریکا، خشتەیەکی بە دەستەوەیە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی سەبارەت بە باجە گومرگییەکان قسە دەکات، ڕۆی 2ـی چواری 2025.

ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە پلانی خۆی بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر 14 هاوبەشی بازرگانیدا ڕاگەیاند، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ''سیاسەتە نادادپەروەرەکانی پیشەسازی'' کە زیانیان بە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا گەیاندووە.

نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەو 14 ئابوورییە خاوەنی سیاسەت و کۆمەڵە ڕێکارێکی "ناژیرانەن" کە بوونەتە بارگرانی یان سنووردارکردنی بازرگانی ئەمەریکا.

نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا، جەیمسن گریر، لە بەیاننامەیەکدا گوتی، ''بۆ چەندین دەیە زۆرێک لە هاوبەشە بازرگانییەکانمان ستراتیژییەکی پیشەسازییان گرتووەتە بەر کە لەسەر بنەمای بەئامانجگرتنی پیشەسازی، سەرکوتکردنی مووچە و کار، پاڵپشتیی دارایی و هاوکاریی دیکە، تێچووی ئابووریی نائازاد لە دەرەوەی بازاڕ و ڕێکارە شێوێنەرەکانی دیکەی بازاڕ بنیاد نراون، کە هاوسەنگیی بازرگانی لە بەرژەوەندیی ئەوان دەگۆڕێت و بنکەی پیشەسازی ئەمەریکا لاواز دەکات.''

لەنێو وەڵامە پێشنیازکراوەکاندا، سەپاندنی باجی گومرگی هەیە بە ڕێژەی %20 بەسەر کاڵا چینییەکاندا، لە کاتێکدا ئەمەریکا دەڵێت حکومەتی چین پاڵپشتیی دارایی بەرفراوانی پێشکەش بە بەرهەمهێنەران کردووە. ئەمەریکا هەروەها دەڵیت چین تێوەگلاوە لە گواستنەوەی زۆرەملێی تەکنەلۆژیا و دزینی خاوەندارێتی هزری، هەروەها شکستی هێناوە لە دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ کرێکاران.

ئەمەریکا دەڵێت سیاسەتەکانی چین کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵێک کەرتی بەرفراوان هەبووە، لەوانە ئۆتۆمبێل، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی بەکاربەران، پلاستیک، نیمچەگەیەنەرەکان و وزەی خۆر.

ڕێکارەکانی ڕۆژی چوارشەممە هەروەها پێشنیازی سەپاندنی باجی گومرگی بە ڕێژەی %15 بەسەر کاڵاکانی یەکێتیی ئەوروپادا لەخۆ دەگرن، وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی ئەمەریکا بە سیاسەتە ''ناژیرانەکانی'' یەکێتیی ئەوروپا ناوی دەبات، وەک بەربەستەکانی گەیشتن بە بازاڕ، قەرزدانی دارایی بە شێوەی جیاواز و هەنگاونەنان دژی بەرهەمهێنانی زیادە.

کۆریای باشووریش ڕووبەڕووی ئەگەری سەپاندنی باجی گومرگی تا ڕێژەی %15 دەبێتەوە بەهۆی ئەو سیاسەتانەی کە ئەمەریکا دەڵێت کاریگەرییان لەسەر کەرتەکانی ئۆتۆمبێل، نیمچەگەیەنەرەکان و پێترۆکیمیایی هەیە.

هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکە کە لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا هاتوون بریتین لە بەنگلادیش، کەمبۆدیا، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ژاپۆن، مالیزیا، سینگاپوور، سویسرا، تایوان، تایلەند و ڤیێتنام.

نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە لە 25ـی مانگی یەکدا دانیشتنی گوێگرتن سەبارەت بە باجە گومرگییە پێشنیازکراوەکان ساز دەکات.

XS
SM
MD
LG