وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسێنت ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی هەشتەوە، ئەو کاتەی ئەمەریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران لە ئاوەکانی کەنداودا، نەیتوانیوە نەوت لەوێ بەڕی بکات.
بێسێنت لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ڕژێمی ئێران بریتییە لەو کەشتیەی کە لە نوقمبووندایە.''
دەشڵێت، ''لە مانگی هەشتەوە و لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری لەلایەن وەزارەتی گەنجینەوە، ئێران نەیتوانیوە یەک کەشتیی نەوتهەڵگر بار بکات؛ ئێران چیتر هیچ دڵۆپە نەوتێکی لەسەر ئاو نەماوە بۆ فرۆشتن.''
پێشتریش ڕۆژی دووشەممە، بێسێنت ڕایگەیاند کە '' ئابووریی ئێران لەژێر ئاودایە و سەرکردەکانیشی تووشی شڵەژان بوون،'' ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینە سزای نوێی بەسەر زیاتر لە 25 نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو، کۆمپانیای ڕووکەش و کەسایەتی سەرەکیی ئێراندا سەپاند، لە چوارچێوەی هەوڵێکی بەرفراواندا بۆ تێکشکاندنی تۆڕە داراییە سێبەرەکانی ئێران لە جیهان.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم لایەنانە هاوکاریی ئێران دەکەن بۆ ''گواستنەوەی ملیاران دۆلار لە ڕێگەی سیستمی دارایی نێودەوڵەتییەوە تا، سەرەڕای سزا گشتگیرەکان، دراوی بیانی بۆ ڕژێمەکە دابین بکەن.''
بێسێنت بەڵێنیشی دا کە وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم تۆڕە نایاساییانە "هەتا سەری مارەکە دەخەینە ژێر گڵ.''