وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە سەرکۆنە دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ بەردەوامی هێرشی چەکدارانی حوسی بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و وزەییەکانی سعودیەی سەرکۆنە کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا کە لە هێرشێکی درۆنیدا لە ڕیاز 11 کەس بریندار بوون.

لێدوانەکەی ڕوبیۆ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هات کە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود ئەنجامی دا.

سعودیە گرووپی حوسییەکانی بە هێرشە "تیرۆرستییەکەی" دوێنێ تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند یەکێک لە بەرزترین تاوەرەکانی ناوچەی دارایی لە ڕیاز کردووەتە ئامانج. دەسەڵاتدارانی بەرگری شارستانی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کرد کە لەو هێرشەدا 2 هاووڵاتی سعودی، 2 هاووڵاتیی هیندی، 3 نیپاڵی و 4 میسری بریندار بوون.

گرووپی تیرۆرستی حوسییەکان لە هاوینەوە هێرشەکانییان بۆ سەر سعودیە زیاد کردووە، لەوانەش هێرشکردنە سەر کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ و کەشتییەکانی پەیوەندیدار بە سعودیەوە. هێرشەکان دوای ئەوە دێن گرووپەکە ڕیازی تۆمەتبار کرد بەوەی لە 13ـی مانگی حەوتدا هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا بۆ ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی و گەمارۆدانی فڕۆکەخانەکە.

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکانی حوسییەکان لە یەمەن و دژی سعویە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و کەشتیوانیی دەریایی.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ''وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و بابولمەندەب کردەوە.''

لە لایەکی دیکەوە، حوسییەکان ڕۆژی سێشەممە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هێزی ئاسمانی سعوویە لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا 72 هێرشی ئاسمانیی ئەنجام داوە و چەندین شوێنی لە یەمەن کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا سەنعای پایتەخت، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون.

ئەو گرووپە لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستی بەسەر ناوچە فراوانەکانی درێژایی کەناراوەکانی دەریای سووردا گرتووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا پێشڕەویی کردووە بەرەو شاری عەدەن، کە پایتەختی کاتی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەنە و لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی دەکرێت.

XS
SM
MD
LG