سەرۆک ترامپ میوانداری گفتوگۆکان لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ دەکات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، و مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرەی تورکیا، ڕۆژی 8ـی حەوتی 2026.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، و مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرەی تورکیا، ڕۆژی 8ـی حەوتی 2026.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ میوانداری گفتوگۆکان بکات لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ مارک ڕوتە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەدەچێت و نزیکەی هەفتەیەک دوای گفتوگۆ سێ قۆڵییەکانی نێوان سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جینپینگ دێت. هەروەها هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا.

ڕوتە ڕۆژی دووشەممە لە ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ''هێشتا دەبێت دانوستانەکانی ئاشتی ڕاستەقینە لەگەڵ ڕووسیاییەکاندا دەست پێ بکەن.'' ناوبراو ستایشی هەوڵەکانی ئەمەریکای بۆ ئاشتی کرد کە سەرەتای ئەم مانگە گفتوگۆی سێ قۆڵی لەگەڵ دانوستانکارانی ڕووسیا و ئۆکراینا لەخۆ گرتبوو. هەروەها گوتی بەرپرسانی ئەوروپا ''بە وردی ڕاوێژ '' لەگەڵ ئەمەریکادەکەن.

مێژووی پەیوەندییەکانی سەرۆک ترامپ و ناتۆ

لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییەوە لە ساڵانی 2017 تا 2021، سەرۆک ترامپ فشاری خستووەتە سەر هاوپەیمانانی ناتۆ تا خەرجی بەرگرییان زیاد بکەن. هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەمەریکا ڕۆڵێکی زۆر گەورە و ناهاوسەنگی لە پشتیوانیکردنی توانا سەربازییەکانی هاوپەیمانییەکەدا هەبووە.

پێشتر هاوپەیمانانی ناتۆ ئامانجیان ئەوە بوو ساڵانە %2 تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییان بۆ بەرگری خەرج بکەن، بەڵام لە ساڵی 2025ـدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی تا ساڵی 2035 خەرجییەکانیان بۆ %5 تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکەنەوە.

ڕوتە ئەم ساڵ چەندین جار ستایشی هاوپەیمانانی کردووە بۆ کارکردنیان بەرەو ئەو ئامانجە، کە بریتییە لە تەرخانکردنی %3.5ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بۆ خەرجییە سەرەکییەکانی بەرگری و %1.5 بۆ وەبەرهێنانە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشەوە.

ناتۆ لە مانگی حەوتدا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ پێنج هاوپەیمان بگەنە ئامانجی %3.5 خەرجیی سەرەکی بەرگری، هەروەها 17 هاوپەیمانیش بگەنە ئامانجی %1.5 خەرجی پەیوەندیدار بە ئاسایش. ئەم ئامانجە نوێیە هاوسەنگیی خەرجییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە.

لە ساڵی 2017ـدا خەرجی سەرەکی بەرگریی ئەمەریکا 708 ملیار دۆلار بوو لە بەرامبەر 310 ملیار دۆلار بۆ سەرجەم ئەندامانی دیکەی ناتۆ. بۆ ساڵی 2026، ناتۆ مەزەندەی دەکات ئەمەریکا 850 ملیار دۆلار بۆ بەرگریی سەرەکی خەرج بکات، لە کاتێکدا هاوپەیمانانی دیکە 634 ملیار دۆلار خەرج دەکەن. ناتۆ ئاماژە بەوەش دەکات کە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ئەمەریکا نزیکەی هێندەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی سەرجەم هاوپەیمانەکانی دیکەیە پێکەوە.

ڕوتە ڕۆژی دووشەممە گوتی ''کارکردنی پێکەوەیی، وەبەرهێنانی پێکەوەیی، بەرهەمهێنانی پێکەوەیی و وەستان پێکەوە، ئەمە جەوهەری ناتۆیە.''

لە لایەکی دیکەوە، ترامپ ئەم ساڵ ڕەخنەی لە هاوپەیمانانی ناتۆ گرتووە بەهۆی پێشکەشنەکردنی هاوکاریی پێویست لە کاتی جەنگی ئەمەریکا لە ئێران یان لە هەوڵەکانی پاراستنی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا.

XS
SM
MD
LG