یاسادانەرانی ئەمەریکا ڕەخنە لە گەڕانەوەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێنڤیدیا دەگرن

یاسادانەرانی هەردوو پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی ئەمەریکا ڕەخنە لە بڕیارەکەی ڕۆژی دووشەممە لەلایەن کۆمپانیای ئێنڤیدیا دەگرن سەبارەت بە گەڕاندنەوەی جێنسن هوانگ وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار. هاوکات گومان دەخەنە سەر دڵنیاییە ئاساییشییەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکە و داوای ئامادەبوونی بەرپرسانی لەبەردەم کۆنگرێس دەکەن.

پێشتر لە ڕۆژی دووشەممەدا، کۆمپانیای ئێنڤیدیا کە بنکەکەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیایە، ڕایگەیاند کە بۆچوون و زانیارییان "لە ئاستە باڵاکانی حکومەتی ئەمەریکاوە پێگەیشتووە'' کە گەڕانەوەی هوانگ ''هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دروست ناکات.''

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، سەرۆکی سێ لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە کۆمارین، جۆن مولێنار، ڕیک کراوفۆرد و برایان ماست، ڕایانگەیاند کە نیگەرانییەکان هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە. ئەو یاسادانەرانە گوتیان، ''لێکۆڵینەوە ناوخۆییە کورتەکەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ئێنڤیدیا و گەڕاندنەوەی جێنسن هوانگ ئەو هەڕەشانەی سەر ئاسایشی نیشتمانی و ئەو پرسیارانە ناسڕنەوە کە پێویستە وەڵام بدرێنەوە.''

یاسادانەرەکان ئاماژەیان بەوەش دا کە جێنسن هوانگ و تیم تیتەر، جێگری سەرۆکی جێبەجێکار و ڕاوێژکاری گشتی و سکرتێری کۆمپانیاکە، جەختیان کردووەتەوە کە لە ڕۆژانی 1 و 2ـی مانگی دوازدە بۆ چاوپێکەوتنی تۆمارکراو لەبەردەم کۆنگرێس ئامادە دەبن. هەروەها جەختیان کردەوە کە پابەندن بە لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی بەرهەمەکانی ئێنڤیدیا، گواستنەوەیان بۆ مەبەستی سەربازیی چین و ڕۆڵیان لە پەرەپێدانی تواناکانی ژیریی باڵای ئەو وڵاتەدا.

گەڕانەوەی هوانگ بۆ پۆستەکەی دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەستی لە کار کێشایەوە، لە دوای بڵاوەبوونەوەی ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە پەیوەندیی ئەو بە ژنێک بە ناوی ئەلیس هوانگ، کە گومانی ئەوەی لێ دەکرێت پەیوەندیی بە دەزگا هەواڵگرییەکانی چینەوە هەبێت.

لای خۆیەوە، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال پێشوازی لە بڕیاری گەڕاندنەوەی هوانگ کرد و بە گرنگ بۆ کۆمپانیاکە و ئابووریی ئەمەریکا ناوی برد.

ترامپ گوتیشی، ''حکومەتی ئەمەریکا هیچ هۆکارێکی نییە بۆ ئەوەی باوەڕ بکات گەڕانەوەی جێنسن بۆ ئێنڤیدیا هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دروست بکات.''

هاوکات ملیاردێری تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسڵا، ئیلۆن مەسک، ڕۆژی دووشەممە پێشوازی لە گەڕانەوەکە کرد و ڕایگەیاند ''هەڵەکە ڕاست کرایەوە ''، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە لە پلاتفۆرمی ئێکس هۆشداری دابوو لەوەی ئێنڤیدیا بەبێ هوانگ گرێبەستە ''هەستیارەکان'' لەدەست دەدات.

کاردانەوەکانی کۆنگرێس

ئێلیزابێس وارن، سیناتۆری دیموکراتەکان، گەڕاندنەوەی هوانگی بە ''سەرکێشانە'' ناو برد و لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی، ''بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ پێویستە ڕوونی بکاتەوە چ زانیارییەک و لەلایەن کام بەرپرسە باڵایانەوە دراوە بۆ پشتیوانیکردن لە گەڕانەوەی هوانگ.''

جۆن کۆرنین، سیناتۆری کۆمارییەکان، گومانی خستە سەر دڵنیاییەکانی ئێنڤیدیا و نووسی، ''هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی نیشتمانی نییە؟ لەسەر چ بنەمایەک؟'' هەروەها پیت ڕیکێتس، سیناتۆری کۆمارییەکان، ڕایگەیاند کە ڕەفتارەکانی هوانگ پشتگیری لە گەڕانەوەی ناکەن و ئاماژەی بەوە دا کە ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکە خۆیان پێشتر ڕەفتارەکانی ئەویان بە ''نەبوونی ڕاشکاوی'' وەسف کردووە. لە لایەکی دیکەوە، دۆن بەیکن، ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فەیسبووک نووسیویەتی، ''جێنسن هوانگ لەلایەن سیخوڕێکی چینییەوە سازشی پێ کراوە و قۆستراوەتەوە، دەبوو ئێنڤیدیا بەبێ هوانگ بەردەوام بووبایە.''

لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن

سەرەڕای گەڕانەوەی هوانگ، ئێنڤیدیا ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی سەربەخۆی ئەنجوومەنی کارگێڕی، کە لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتانە دەکات سەبارەت بەوەی ناوبراو لەلایەن ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی بیانییەوە کراوەتە ئامانج، لە کارەکانی بەردەوام دەبێت. لیژنەکە ڕاوێژکاری یاسایی سەربەخۆی گرتووە و هوانگیش بەڵێنی داوە بە تەواوی هاوکاریی لێکۆڵینەوەکان بکات. کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە ''بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی حکومەت.''

ئێنڤیدیا ئەوەشی خستە ڕوو کە 'لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردن،' کە تازە پێکهێنراوە، چاودێریی پابەندبوونە بازرگانییەکان و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی دەکات. هەروەها کۆمپانیاکە بەنیازە بەرپرسێکی باڵای پابەندبوون دابمەزرێنێت. بەپێی بەیاننامەکە، کۆلێت کرێس، کە دوای ڕۆیشتنی هوانگ وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتی دەستبەکار ببوو، وەک بەڕێوەبەری دارایی بەردەوام دەبێت و هارڤی جۆنزیش وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەمێنێتەوە.

خستنە لیستی ڕەشی کۆمپانیای مێگاسپید

لە پەرەسەندنێکی دیکەدا، وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە کۆمپانیای مێگاسپیدی بنکە لە سینگاپوور، کە هاوبەشێکی ئێنڤیدیایە، خستە لیستی ڕەشی بازرگانییەوە. ئەمەش دوای ڕەخنەکانی یاسادانەرانی ئەمەریکا و بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ.

بەپێی زانیاریی یاسادانەرانی ئەمەریکا و ڕاپۆرتە میدیاییەکان، بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریکا گومانیان هەیە کە ئەلیس هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی ئەو کۆمپانیایە، پەیوەندیی لەگەڵ هەواڵگریی چین هەبێت. هاوکات کۆمپانیاکە گومانی لێ دەکرێت چیپە پێشکەوتووەکانی ئێنڤیدیای بە شێوەیەکی نایاسایی گواستبێتەوە بۆ چین، کە ئەمەش پێشێلکردنی کۆتوبەندەکانی هەناردەکردنی ئەمەریکایە.

سینگاپور ڕۆژی سێشەممە ڕەزامەندی لەسەر هاوکاریکردنی ئەمەریکا بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیاکە دەربڕی. لۆرێنس وۆنگ، سەرۆکوەزیرانی سینگاپور، ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کانبێرای پایتەختی ئوسترالیا، کە بە سەردانێکی فەرمی لەوێیە، ڕایگەیاند، '' ئەگەر کۆمپانیاگەلێک هەبن یاساکانمانیان پێشێل کردبێت، بێگومان ڕێکاری زۆر توند دەگرینە بەر. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بوو کە لێکۆڵینەوەمان لە مێگاسپید دەکرد.'' ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە لێکۆڵینەوەکان لە هەردوو وڵاتدا بەردەوامن و سینگاپور لە گفتوگۆکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا سەبارەت بەم پرسە بەردەوامە.

چیپە پێشکەوتووەکانی ئێنڤیدیا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد و ناوەندەکانی داتادا بەکار دەهێنرێن، بەڵام فرۆشتنیان بە چین هێشتا لەژێر کۆتوبەندە توندەکانی هەناردەکردنی ئەمەریکادایە بە مەبەستی پاراستنی تەکنەلۆژیا هەستیارەکانی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG